مەحوی و گەشەی زمانی کوردی

مەحوی و گەشەی زمانی کوردی
كانونی دووه‌م 15, 2023 Diyako Hashemi
2023-01-15

مەحوی و گەشەی زمانی کوردی
نووسین: دیاکۆ هاشمی
زمانی کوردی، وەک هەر زمانێکی تر، بە شێوەی جۆربەجۆر لە گەشەسەندندایە. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە لە بواری ئەلفبێدا بووە.

لە نووسینی کوردیدا لە پێشدا وەک فارسی و عەرەبی، ئەو بزوێنانەی کە بە “اعراب” ناسراون، وەک سەرە، بۆرە و ژێرە (فتحە، ضمه و کسره) بەکار دەهێنران. بەڵام بەرەبەرە ئەوانە پیتیان بۆ دیاری کرا.

لەم شیعرە جوان و ناسکەی مەحوییەدا بەجوانی دیارە کە لەو سەردەمەدا هێشتا سەرە و بۆرە و ژێرە نەبووبوون بە پیت:
خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ
هەر لە جامەی سەبز ئەچێ بۆ غەین و نوون و چیم و هێ
غونچە بازاڕی نەزاکەتداری و تەنگیی شکاند
هەر کە زاهیر بوو لە دەوری باغی حوسنت لام و بێ
لەبشەکەر تا کەی لە حەسرەت خاڵی موشکینت، دڵم…
داغدار و خەستە بێ وەک لام و ئەلف و لام و هێ
لالەڕووخسارم لە سایەی ئەشکی خوێنینڕەنگەوە
چونکە ڕووسوورم لە قاپیی عەین و شین و قاف و تێ
عیشقت ئەی جانا منی ڕیسوایی عالەم کردووە
چاکە ئینسافت ببێ بۆ ئەلف و سین و تێ و هێ
ئێستە بۆ لاف و گەزاف هەر کەس دەبینی عاشقە
نەک هەموو کەس جانفیدا وەک میم و حێ و واو و یێ
مەحوی ئەمڕۆ زۆر نەخۆشە قەت شیفای نایێ بە هیچ
گەر شیفای بێتن، بە بۆیی زوڵف و ئەو ئەگریجە دێ
ئەگەر چاو لە هۆنراوەیەکی مەحوی بکەین ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت.
بۆ نموونە مەحوی لەو شێعرە زۆر ناسک و جوان و پڕ لە وشەئاراییەدا (غونچە)ی بە (غنچە) نووسیوە، واتە ئەوەی کە لە عەرەبی و فارسیدا بە بۆر بەناوبانگە (غُنچه) و ئێستە لە کوردیدا بووە بە “و” لەو کاتەدا باو نەبووە. بۆیە بە غونچە دەڵێت (غەین و نوون و چیم و هێ = غنچە).
هەروەها دیارە لەو کاتەدا بزوێنی “ە” لە کۆتاییی وشەی (غونچە)ی بە “هێ” هەژمار کردووە وەک چۆن لە فارسی و عەرەبیدا بە “هێ” باوە. بەڵام هەموومان ئەوە دەزانین کە ئەو دەنگە ئێستە لە کوردیدا بە بزوێنی “ە” هەژمار دەکرێت و بە “ئە” دەخوێنرێتەوە.

هەروەها وشەی (لەب)ی واتە لێوی بە (لب) نووسیوە. دیارە بزوێنی “ە”ی هەر وەک “فەتحە/سەرە” هەژمار کردووە (لَب). هەموومان دەزانین کە ئێستە بە بزوێن جیا کراوەتەوە: (لەب).

دیسانەوە لە وشەی (لالە)، بزوێنی “ە”ی بە “هێ” بەکار هێناوە.

دیارە ئەو “عیشق”یشی بە (عشق) نووسیوە هەرچەند بە (عیشق)یش نووسراوە.

وشەی (ئێستە)ی بە (استە) بەکار هێناوە چونکە دەڵێت: ئەلف و سین و تێ و هێ (استه)، کەوا بێت پێی نەوتووە هەمزە، هەروەها دیسانەوە بزوێنی “ە”یشی لە کۆتاییدا بە “هێ” هەژمار کردووە.

هەروەها وشەی (مەحوی)ی بە (محوی) نووسیوە و دەڵێت میم و حێ و واو و یێ (محوی).

کەوا بێت ئەوە بەڵگەیە کە لەو سەردەمەدا بزوێنی “ە” بەکار نەهێنراوە یان جێگیر نەبووە.

هیچکام لەو خاڵانە ڕەخنە نییە لە مەحوی، بەڵکوو پیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە زمانی کوردی بەردەوام خەریکی گەشەسەندنە.

نووسینی: دیاکۆ هاشمی
سەرچاوە : لاپەڕەی فێرگەی زمانی کوردی