پڕۆژەی بەخشینی 100 هەزار كتێب راگەیەندرا‎‎

دامەزراوەی كەریمی عەلەكە، لە هەوڵێكیدا پڕۆژەی بەخشینی 100 هەزار كتێبی بە ناوەندە رۆشنبیرییەكان و ناوەندەكانی خوێندن راگەیاند، ئەمڕۆیش بۆ ئەو مەبەستە لە شارۆكەی شارەزوور دەستیان بە بەخشین و دابەشكردنی كتێبەكان كرد.

ئەمڕۆ شەموو 9ی نیسانی 2022، شەماڵ لەتیف بەرپرسی دامەزراوەی كەریمی عەلەكە بە "وشە"ی گوت، وەك دامەزراوەكە كار لەسەر دوو بوار دەكەین پەروەردە و كولتوور، لە بواری كلتووردا پڕۆژەیەكی گەورەمان راگەیاندووە بە بەخشینی 100 هەزار كتێب بە ناوەندەكانی خوێندن و دامەزراوە رۆشنبیرییەكان و كتێبخانەكان لە هەموو كوردستان.

روونی كردەوە، ئەمڕۆ لە شارۆكەی شارەزوور كتێبمان بەخشی و لە زۆربەی شار و شارۆكەكانی سنووری سلێمانی كتێبەكان دەبەخشین، روونی كردەوە، پلانمان هەیە بێینە هەولێر و دهۆك، كتێب لە هەموو شار و شارۆكەكانی ئەوێ ببەخشین.

كەریمی عەلەكە ناوی تەواوی (عەبدولكەریم ئەلیاس پۆڵس ئیبراهیم)ە لە ساڵی 1867 لە شاری سلێمانی لە ماڵباتێكی مەسیحی لەدایك بووە، لە سەرەتای تەمەنییەوە سەرقاڵی كاری بازرگانی بووە و وەك بازرگانێكی دەستپاك و راستگۆ لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان ناوبانگی دەركردووە.

رەوشتی جوان و بەرزی ئەم كەسایەتییە، وای لە شێخ مەحموود كردووە لە كابینەی دووەمی حكوومەتی كوردستان، كە لە 10/10/1922 دامەزرا، وەك وەزیری دارایی دەستنیشانی بكات، كەریمی عەلەكە جگە لەوەی كەسایەتییەكی خێرخوازی بەخشندە بوو، زۆر زیرەك و لێهاتوویش بوو، جگە لەكلدانی، زمانی كوردی و فارسی و عەرەبی بە باشی زانیوە، بەردەوام لەگەڵ ئازاری هەژار و لێقەوماواندا ژیاوە و خەمخۆرێكی راستەقینەیان بووە

كاتێك دركی بەوە كردووە كە جەنگی جیهانی یەكەم روو دەدات، دەغڵودانێكی زۆری كۆ كردووەتەوە و لە شوێنێكی تایبەتدا پاراستوویەتی، دواتر لە رۆژانی گرانی و نەبوونیدا بە بڕێك پارەی زۆر كەم بەسەر هەژاراندا دابەشی كردووە، دوای بۆردمانی شاری سلێمانیش، لیژنەیەكی باڵا لە پێنج ئەندام پێك هات، كەریمی عەلەكە یەكێك بوو لەوان، گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا كرد و لە ئەنجامدا هەوڵەكانیان سەری گرت و بۆردمان راگیرا، كەریمی عەلەكە دواساتەكانی ژیانی لە شاری بەغدا بەسەر برد و لە 25/1/1948 كۆچی دوایی كرد.

 

 

سەرچاوە: wishe