سلێمانی.. خه‌ڵاتی فۆتۆگرافه‌ر كامه‌ران نه‌جم دابه‌شكرا

ئێواره‌ی 2022/6/12 له‌ سلێمانی ساڵیادی بێسه‌روشوێنبوونی فۆتۆگرافه‌ر كامه‌ران نه‌جم-دا، ئاژانسی مێترۆگرافی ڕێوڕه‌سمێكی بۆ به‌خشینی خه‌ڵاتی ”كامه‌ران نه‌جم” سازكرد.
خه‌ڵاتی كامه‌ران خۆی له‌ دوو به‌خششدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌خششی 12 هه‌زار دۆلار بۆ ڕۆژنامه‌نووسێك له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهان بێت بۆ پشتگیریكردنی له‌پڕۆژه‌یه‌كی ڕووماڵكردنی مه‌ودا درێژ له‌گه‌ڵ “خه‌ڵاتی یادكردنه‌وه‌ی كامه‌ران” كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌خێزانی فۆتۆگرافه‌رێك كه‌ له‌كاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كه‌یدا بێسه‌روشوێن بووبێت.
دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و دیارییكردنی رۆژنامه‌نوسی شایسته‌ بۆ خه‌ڵاته‌كه‌، خه‌ڵاتی یه‌كه‌می كامه‌ران به‌خشرا به‌ فۆتۆگرافه‌ر و رۆژنامه‌نوسی هایتی ”ڤلاجیمێر لێگانیۆر”.
خه‌ڵاتی دووه‌می كامه‌ران به‌خشرا به‌ رۆژنامه‌نوس”  قازی شیبیلی” له‌كشمیر.

دیاریكردنی براوه‌كانی خه‌ڵاتی كامه‌ران له‌لایه‌ن دادوه‌ران ” جۆرج هێنتن ڕۆژنامه‌نووس و فیلمسازی دۆكیومێنته‌ریی به‌ریتانی، ئاسۆس هه‌ردی ڕۆژنامه‌نووس و، ئێمیڵی گارسوه‌یت فۆتۆگرافه‌ری ڕۆژنامه‌وانیی به‌ریتانی”یه‌وه‌ دیاری كرابوون.

كامه‌ران نه‌جم فۆتۆگرافه‌رێكی كوردی عێراق و دامه‌زرێنه‌ری مێترۆگرافییه‌ كه‌ یه‌كه‌م ئاژانسی فۆتۆگرافییه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
له‌ماوه‌ی كاركردنیدا كامه‌ران كاری بۆ ده‌زگا هه‌واڵییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك ڕۆیته‌رز و ئه‌سۆشییه‌یتد پرێس كردووه‌، وه‌ك فۆتۆگرافه‌ر كاری بۆ واشنتن پۆست و ڤانیتی فه‌یر و زه‌ تایمز ئۆف له‌نده‌ن و گۆڤاری فاینانشه‌ڵ تایمز و چه‌ندین گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی دیكه‌ كردووه‌.
كامه‌ران نه‌جم له‌ 12ی حوزه‌یرانی 2014 له‌ كاتی ڕووماڵكردنی شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌ و داعش له‌ باشووری كه‌ركوك برینداركراو تا ئێستا چاره‌نووسی نادیاره‌.

 

 

سەرچاوە: pukmedia