ڕاڤیار نەوزاد: دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان گرنگی بە شانۆی هەزەلی دەدەن بۆ ئەوەی واقیع لەبیری خەڵک بەرنەوە

تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، چلوچوارهەمین دیالۆگی سەكۆی جیاواز بەناونیشانی (شانۆ و دیموکراسی) بۆ شانۆکار (ڕاڤیار نەوزاد) ڕێك خست. کۆڕەکە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بەڕێوە چوو.
ڕاڤیار نەوزادی شانۆکار لە باسەکەیدا لە سەرەتادا بە گەڕانەوە بۆ مێژوو باسی دوانەی دیموکراسییەت و شانۆ، هاوتەریبییان و کاریگەرییەکانیان لەسەر یەکتری و قۆناغەکانی گەشەکردن و گۆڕانکارییانی باس کرد و لە هەر قۆناغە و باسی کاریگەرییەکانی ئەو دوو بووارەشی کرد لەسەر یەکتری.
ئەو ئاماژەی بەوە دا، کا شانۆ و سیاسەت وابەستەی یەکترن و ٥٠٠ سال بەر لە زایین دامەزراون. ناوبراو بە گێڕانەوە لە ئەفسانەکانی یۆنان و باسکردن لە پیستراتۆس و ئاهەنگەکانی دینۆسۆس و بنەماکانی شانۆ لە یۆناندا ئەو پرسەی شی کردەوە. جەختیشی لەوە کردەوە بەهۆی لەدایکبوونی شانۆوە دیموکراسییەت لە یۆناندا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. بۆیە لەدوای یۆنانەوە لە هەر وڵاتێک دیموکراسی گەشەی کردبێت شانۆش تیایدا گەشەی کردووە.
ئەو شانۆکارە سەبارەت برێخت و لەدایکبوونی شۆڕشی سۆشیالیزم و بارودۆخی شانۆ ڕوونکردنەوەی دا.
ڕوونیشی کردەوە، دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان زۆر گرنگیی بە کۆمیدیا دەدەن و گەشەی پێ دەدەن بۆ ئەوەی واقیع لەبیری خەڵک بەرنەوە.
ڕاڤیار نەوزاد قۆناغی شانۆی کوردیشی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کرد، پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینو قۆناغی دوای ساڵی ٢٠٠٠ و ئازادیی عێراق. لەسەر تایبەتمەندی و بنەماکانی شانۆی ئەو قۆناغانە هەڵوەستەی کرد.
دواتر لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی بابەتەکە کرا.
مەلا بەختیار لە کۆڕەکەدا بەشداریی کرد و ڕایگەیاند: هەندێ جار چۆن دەسەڵاتی تۆتالیتار خراپە، بەو جۆرەش ڕەخنەی تۆتالیتاری خراپە.
وتیشی: لە رابردودا وەک یەکێتی نیشتمانی هاوکاری باشی شانۆکاران کراوە، تەنانت هەرگیز یەک دەقی شانۆیی نەهاتووە بڵێین دەبێت دەقەکە بخوێنینەوە ئینجا یارمەتیی بدەین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە یەکسەر هاوکاریی کراوە.
باسی لەوەش کرد، سەرکردایەتیی حزبەکان و تێگەیشتنیان لە هونەر و شانۆ هەمان تێگەیشتنی کۆمەڵگەیان هەیە، چونکە ئەوانیش زادەی دۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگەن.

 

سەرچاوە: galawej