د. توانا
سیاسەتی هێشتنەوەی کێشەکان بەهەڵواسراوی..(الاحتواء)
هەندێ حزب کار لەسەرفریودانی ئەندامانی حزبەکەیان بەتایبەتی و جەماوەربە گشتی دەکەن بەمەبەستی کۆکردنەوەی ناڕەزایی بەرامبەر بە نەیارەکانیان و سود وەرگرتن لەکێشەکان وەک پڕوپاگەندەی میدیایی حیزب وەهەروەها بەکارهێنانی ئەم کێشانە بۆ ڕۆژی دەنگدان ، ئەم دیاردەیە بەزەقی لە مێژووی سی ساڵی پارتەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت ،کەکێشەکانی میللەتیان دەستەمۆکردووە نەک چارەسەری بکەن .
دەورەدان وسوڕانەوە بەدەوری کێشەکان، سواری شەپۆلی نەخۆشیەکانی میللەت و بەکارهێنانی ناڕوونی یان پڕوپاگەندەی ناڕاست بۆ مانەوەی کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی.. بە ئامانجی کۆکردنەوەی ناڕەزایی بەرامبەر بە نەیاران و سودوەرگرتن لەم دۆخە بۆ مەبەستی سیاسی، ڕەفتارێکی نائەخلاقییە و ڕەنگە وێرانکەر بێت بۆ پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیری کۆمەڵگا.
ئەمکارە دەکرێت بشوبهێنرێ بەودکتۆرەی ناتوانێ یان نایەوێت نەخۆشیەکەت بۆ چارەسەربکات.. تا دەستەمۆت بکات وەک کڕیارێکی هەمیشەیی ، تازۆرترین جار سەردانی بکەی وزۆرترین دەرمان ،پشکنین وتیشکگرتنت پێ ئەنجام بدات وزۆرترین پارەت لیوەربگرێت..
ئەم ڕەفتارە نەخوازراوە ئەمڕۆ لەلایەن پارتەکانی هەرێمی کوردستان بووە بە تاکتیک..! بووە بەهەڵبژاردەی زێڕین لەگشت کایەکانی کۆمەڵگای کوردی پیادە دەکرێ.
هەندێک لایەنی خراپی ئەم ڕەفتارە:
1. شێواندنی ڕاستییەکان:
لایەنەکان دەتوانن شێواندنی ڕاستییەکان بەکاربهێنن یان زانیاریی درۆ بڵاوبکەنەوە بۆ پاراستنی وێنەیەکی ئەرێنی لە ئەدای کارکردنیان و گواستنەوەی کێشەکان بۆ سەر کەسانی دیکە ولایەنی دیکە.
2. خراپ بەکارهێنانی هەستەکان:
هەست و ناڕەزایی بۆ ئاراستەکردنی سەرنج لە پرسە ڕاستەقینەکان و هاندانی پشتیوانی گشتی بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنرێت.
3. تاوانبارکردنی کەسانی تر:
حزبەکان بە گواستنەوەی بەرپرسیارێتی بۆ نەیاران یان لایەنەکانی تر دەتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە بەدوور بگرن و خۆیان وەک قوربانی نیشان بدەن.
4. بەکاربردنی نیگەرانییە کۆمەڵایەتییەکان:
ڕەنگە حیزبەکان نیگەرانییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان بقۆزنەوە، بەبێ ئەوەی هەوڵی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدەن.
کاریگەری نەرێنی..
توندبوونەوەی کێشەکان:
ئەم ڕەفتارە لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، کێشەکان توندتر دەکاتەوە و دۆخەکە خراپتر دەکات،وە دەبنەهۆی :
تێکدانی متمانە:
بەکارهێنانی سیاسەتی هەڵواسین ودەورەدانی کێشەکان متمانەی نێوان خەڵک و لایەنە سیاسییەکان تێکدەدات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی دیموکراسی دەبێت.
زیادبوونی فشار:
ئەم هەڵسوکەوتە دەتوانێت گرژییەکان لە کۆمەڵگادا زیاتر بکات و میللەت وەک قوربانی یەکەم وسووتەمەنی ململانێ سیاسییەکان درێژە پبدات.
هەنگاوە کاریگەرەکان بۆبەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕەفتارە:
شەفافیەت:
پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت لە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و پێدانی زانیاری دروست.
لێپرسینەوە:
هاندانی کۆمەڵگا بۆ داوای لێپرسینەوە و چاودێریکردنی ئەدای لایەنە سیاسییەکان.
هۆشیاری:
پەرەپێدانی هۆشیاری لای خەڵک سەبارەت بە شێوازەکانی پڕوپاگەندەی ساختە و چۆنیەتی جیاکردنەوەی ڕاستییەکان و زانیاری هەڵە لە بڵاوکراوە هەڵبەستراوەکان .
لە کۆتاییدا پێویستە هاوڵاتیان و میدیاکان وریا و ئامادەبن بۆ هەڵسەنگاندن و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی گشت پێکهاتەکانی میللەت نەبنە قوربانی تاکتیک وستراتیژییەکانی بڵاوکراوەو زانیاری ناڕاستی سیاسی لەلایەن پارتە سیاسیەکانەوە.