گۆڤاری‌ بانیپاڵ-ی‌ سریانی‌ دەردەچێتەوە

دوای 10 ساڵ له‌ وه‌ستانی، به‌ پشتیوانی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان  ده‌ست به‌ده‌ركردنی‌ گۆڤاری سریانی (بانیپاڵ) كرایه‌وه‌ و كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ وه‌رزی‌ ده‌رده‌چێت، ژماره‌ (46) به‌ چوار زمانی (سریانی، كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی) بڵاوكرایه‌وه‌.
گۆڤاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ری سریانی-یەوە له‌ هه‌رێمی كوردستان چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان خاوه‌نی ئیمتیازی گۆڤاره‌كه‌یه‌ و  كلدو رمزی اوغنا سه‌رنووسه‌ر و له‌ سه‌روتاری گۆڤاره‌كه‌دا، نووسیویه‌تی: ئه‌مڕۆ خۆشحاڵین به‌ تۆماركردنی‌ ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ مێژووییه‌، وه‌ك چۆن مژده‌ ده‌ده‌ین بە هه‌موو توێژه‌ران و نووسه‌ران و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی‌ گه‌له‌كه‌مان و توێژه‌رانی‌  تر و ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زووی‌ مێژوو و میرات و شارستانیه‌ت و كولتوری‌ ئه‌م گه‌له‌ دێرینه‌ ده‌كه‌ن، هه‌واڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ گۆڤاری‌ (بانیپاڵ)یان بۆ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، دوای‌ پشوویه‌كی‌ زیاتر له‌ (ده)‌ ساڵ.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ژماره‌ نوێیه‌كه‌ پڕیه‌تی له‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌هادار و توێژینه‌وه‌ی به‌ نرخ ، له‌گه‌ڵ هه‌ڤپه‌یڤین و بابه‌تی رۆشنبیری هه‌مه‌ڕه‌نگ به‌ پێنووسی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌كادیمی و توێژه‌ر و نووسه‌ری داهێنه‌ر، به‌ تایبه‌تی به‌شدارییه‌ جیاواز و بێوێنه‌كه‌ی قه‌داسه‌تی مار أوای سێیه‌م روئیل پاتریاركی كلێسای رۆژهه‌ڵاتی ئاشووری.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان، له‌ وتارێكدا، كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ (114-115)ی گۆڤاره‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌ گرنگی به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و بایه‌خدانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێشخستنی بواری رۆشنبیریی و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

 

سەرچاوە: knwe