چینی ئۆزۆن بەرەوچاکبوونەوە دەچێت

 

 

 

 

ئا: دڵان سامان

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رایگەیاند کە چینی ئۆزۆن «بەرەو چاکبوونەوە دەچێت» سەرەڕای تەقینەوەی گڕکانێکی وێرانکەر لە ناوچەی باشووری زەریای هێمن، ئەم گۆڕانکارییانەش روویاندا دوای بە بەرنامەکردنی نەهێشتنی ماددە کیمیاییەکانی چینی ئۆزۆن وێران دەکەن.
شایەنی باسە ئەم رێکخراوە کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە رێی رۆیتەرزەوە بڵاویکردەوە کە چینی ئۆزۆن بەپێی رەوتەکانی ئێستا لە گەڕانەوەدایە بۆ ئاستی ساڵی 1980 واتا ناوچەی جەمسەری باشوور ساڵی 2066، جەمسەری باکووریش ساڵی 2045 و جیهانیش بە گشتی لە ساڵی 2040 دا چینی ئۆزۆن تێیاندا ئاسایی دەبێتەوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیانەکان بەگشتی سنووردارە، هەرچەندە تەقینەوەی گڕکانێک لە نزیک تۆنگا لە سەرەتای ساڵی 2022 دا روویدا، بووە هۆی خێرابوونی کەمبوونەوەی چینی ئۆزۆن بۆ ماوەیەکی کورت لە جەمسەری باشوور لە ساڵی رابردوودا، ئەمەش بەهۆی بوونی زیاتری ئاستی هەڵمی ئاو لە بەرگە هەوادا.
وەک زانراوە چینی ئۆزۆن زەوی لە ئاستی زیانبەخشی تیشکی سەرووبنەوشەیی خۆر دەمانپارێزێت، کە پەیوەندی بە شێرپەنجەی پێست و مەترسییە تەندروستییەکانی دیکەوە هەیە.
هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پرۆتۆکۆڵی مۆنتریاڵ کە لە ساڵی 1989 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی بە مادەکانی کلۆرۆفلۆرکاربۆن و ئەو ماددانەی دیکە کە ئۆزۆن تێکدەدەن، بۆیە سەرکەوتنی پرۆتۆکۆلەکە «هێمای هیوایە» لەکاتێکدا وڵاتانی هاوکار تێیدا لە ژێر فشاردان. هەروەها تاڕادەیەکی زۆر توانراوە ماددەکانی کلۆرۆفلۆرکاربۆن بە هایدرۆفلۆرۆکاربۆنەکان بگۆڕدرێن، کە زیانیان بۆ چینی ئۆزۆن نییە، بەڵام ئەو گازانەن دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما زیاد دەکەن.
لە ئێستادا وڵاتان هەموارکردنەوەی کیگالی ساڵی 2016 بۆ پرۆتۆکۆلەکە جێبەجێدەکەن و بریتییە لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی هایدرۆفلۆرۆکاربۆنەکانیش ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە نزیکەی 0.5 پلەی سەدی تا ساڵی 2100.
ئەوەی جێی باسە چین تا ئێستاش گەورەترین بەرهەمهێنەری هایدرۆفلۆرۆکاربۆنەکانە لە جیهاندا و توانای ئێستای یەکسانە بە نزیکەی دوو ملیار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و نزیکەی چارەکێکی ئەم بەرهەمە هەناردە دەکات.
لەو بارەیەوە وەزارەتی ژینگەی چین رایگەیاندووە بەم نزیکانە پلانێک بۆ باشترکردنی کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنانی هایدرۆفلۆرۆکاربۆنەکان رادەگەیەنن. وەک وڵاتێکی گەشەسەندوو پابەندە بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە رێژەی 85 ٪ لە ساڵی 2013 تا 2045.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ