چوار كتێبی نووسەر و کۆمەڵناسی بەنێوبانگی تورك، ئیسماعیل بێشكچی، کە لەلایەن چوار وەرگێڕی کوردەوە لە زمانی تورکییەوە کراونەتە کوردی، لەلایەن (وەقفی بێشکچی)یەوە لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکرانەوە.
ئەم چوار کتێبە لێكۆڵینەوەی مەیدانی، کۆمەڵایەتی و مێژوویین سەبارەت چۆنیەتی داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان و، میکانیزم و رێگەکانی درێژەدان بە داگیرکردنی کوردستان کە لەلایەن د. ئیسماعیل بێشکچییەوە بە رێبازی ئەکادیمی ئەنجامدراون. خوێندنەوەیان زۆر پێویستە بۆ ناسینی کۆمەڵگەی کوردستان لەوکات و ئاراستە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کۆلۆنیاڵیکراوی ئێستای کوردستان.
کتێبەکان بریتین لە:(لەبارەی كۆمەڵگەی كورد)، (تیرۆری دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)، (نامە بۆ یونسكۆ ) و (دابەشکاریی ئیمپریالیستی لەسەر خاکی کوردستان ) كە لە زنجیرە كتێبەكانی نووسەرن، لەلایەن وەرگێڕانی كورد (سەردار عەزیز، محەممەد عیزەددین، بەكر شوانی و فەرهاد چۆمانی) لە توركییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی و لەلایەن وەقفی بێشكچییەوە چاپ و بڵاوكراونەتەوە.
کتێبی (لەبارەی كۆمەڵگەی کورد) كە چاپە كوردییەكەی لە 260 لاپەڕە پێكدێت، بۆ یەکەم جار لە مانگی نیسانی ساڵی 1993 چاپكراوە. کتێبەکە لەلایەن نووسەری کورد سەردار عەزیز کراوەتە کوردی.
سێ وتاری یەكەمی کتێبەکە، پەیوەندییان بە بەیاننامەیەكەوە هەیە لەبارەی (سەمیناری گەشەكردنی لێكۆڵینەوە كۆمەڵایەتییەكان لە توركیا). دوای ئەو سێ وتارەش، وتارەكانی (دواكەوتوو هێشتنەوەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ) و (ئەو داینامیكانەی كاریگەرییان لەسەر گۆڕانە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی رۆژهەڵات دادەنێن) دێن.
كتێبی (تیرۆری دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)، كە لەلایەن محەممەد عیزەددینەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، لە 180 لاپەڕە پێكدێت. چاپی یەكەمی بە زمانی تورکی لە ساڵی 1991 بڵاوكراوەتەوە، كە لە 7 بەش پێكدێت؛ باسی تیرۆر، كوشتن، كۆمەڵكوژیی كورد، كێشەی كورد، كەركووك، سرووشتی تیرۆری دەوڵەت له كوردستان و چەندین بابەتی دیكە دەكات.
كتێبی سێیەمیش بەناوی (نامە بۆ یونسكۆ) كە لەلایەن نووسەر بەكر شوانی لە توركییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، لە 112 لاپەڕە پێكدێت. لە "بڕیارەکەی جڤاتی گشتیی یونسکۆ گونجاو نییە" دەکۆڵێتەوە، كە لە دۆسیەی ژمارە 1981/586ی دادگەی سەربازیی فەرماندەیی دەریای و دەسەڵاتی سەربازیی گۆڵجوک وەرگیراوە و بۆ یەکەم جار بە زمانی کوردی لە ساڵی 1983 لە ستۆکهۆڵم بڵاوکراوەتەوە. ئەم كتێبە لێکۆڵینەوەیەکی گرنگە لەڕووی بەکارهێنانی رێبازی زانستی بۆ رووداوێکی بەرجەستە کە نەهێشتنی زمانی کوردییە و قەدەخەکردنی پەروەردەیە بە زمانی کوردی لە تورکیا، داوا لە یونسکۆ دەکات مافی کورد بۆ خوێندن بە زمانەکەی دابین بکات.
کتێبی (دابەشکاریی ئیمپریالیستی لەسەر خاکی کوردستان) کە لەلایەن فەرهاد چۆمانی وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی، لە ساڵی 1992 بە زمانی تورکی لە تورکیا چاپکراوە. ئەم کتێبە باس لە هەوڵەکانی ساڵانی 1915- 1925 کەمالیستەکان دەکات بۆ چەواشەکردنی کورد، بەناوی دامەزراندنی کۆمارێک بۆ کورد و تورک، هەروەها ئەو کۆبوونەوە سەرەتایی و بێسەروبەرانەی کەمالیستەکان کە دوایی ناوی کۆنگرەی گەورەیان لێناون.
بەڵگەنامە و گفتوگۆکانی ئەوکات دەخاتەڕوو و شرۆڤەیان دەکات. د.ئیسماعیل بێشکچی سەبارەت ئەو قۆناخە دەڵێت، "لەنێوان ساڵانی 1915- 1925 لەسەر خاکی کوردستان هەوڵێکی ئیمپریالیستی وەگەڕخراوە بۆ دابەشکردنی خاکی کوردستان. کۆنفرانسی لۆزان بەڵگەنامەیەکە بۆ چەسپاندنی ئەو دابەشکارییە ئیمپریالیستییە. کەمالیستەکان لەو دابەشکارییەدا پشکێکی گەورەیان بەر دەکەوێت. ئەمەشیان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئیمپریالیزمی بەریتانی و ئیمپریالیزمی فەرەنسی بەدەستهێنا. بەم شێوەیە بەشێکی گەورەی وڵاتی کوردستان کەوتە نێو کۆماری تورکیاوە کە تازە دامەزرابوو. بەهۆی ئەم دابەشکارییە، تورکیا کوردستانێکی هەیە، عێراق، ئێران و سووریاش کوردستانێکیان هەیە، کەچی کورد کوردستانیان نییە."
هەر چوار كتێبەكە لە كتێبخانەكانی هەرێمی كوردستان دەست دەکەون.
سەرچاوە : ڕووداو دیجیتاڵ