ئەردەڵان عەبدوڵڵا
ئەمریکا کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسوف و نووسەری ئێجگار مەزنی هەیە، یەکێک لەو نووسەر و بیرمەندە مەزنانەش» ویل دیۆرانت»ە. ئەم پیاوە لە یەک کاتدا مێژوونووسێکی بەتوانا، بیرمەندێکی زیرەک بووە. شارەزاییەکی ئێجگار زۆری لە بارەی مێژووی مرۆڤایەتیی و شارستانیەتەکانەوە هەیە. کتێبە بەناوبانگەکەی « چیرۆکی شارستانی» یەکێکە لە کتێبە مەزنەکانی جیهان. نووسەر ماوەی 40 ساڵ خەریکی ئەم کتێبە بووە، لە ساڵی 1935 تا 1975 بە گەڕان و پشکنین و خوێندەوەی سەرچاوە مێژووییەکانی جیهان خەریک بووە، تا لە کۆتاییدا یەکێک لە جوانترین و گرنگترین بەرهەمی ئەدەبی و مێژوویی و فیکری، پێشكەشی کتێبخانەی جیهان دەکات.
نووسەر لەم کتێبەدا باسی هەموو شارستانییەکانی جیهانی کردووە، بەڵام جگە لەم کتێبەی، کتێبێکی گرنگی تری هەیە کە ئەویش هیچی لەم کەمتر نییە ئەویش کتێبی مێژووی فەلسەفەیە، کە لە ئەفلاتونەوە دەستپێدەکات و بە جۆن دیوی فەیلەسوفی ئەمریکی کۆتایی دێت. سەرەتا پێمخۆشبوو کورتەیەک لە بارەی ژیانی ئەم کەڵە نووسەرەوە بنووسم، پاشانیش تیشکێک دەخەمە سەر ئەم کتێبە جوانەی.
ژیانێکی پڕ بەرهەم
ویل دیۆرانت لە ساڵی 1885 لە دایک و باوکێکی کەنەدی لە دایک بووە و لە ساڵی 1981 کۆچی دواییکردووە. سەرەتا لە قوتابخانە ئاینییەکانی سەر بەمەزهەبی مەسیحی کاتۆلیکی خوێندوویەتی. پاشان بەرەو جیهانی فیکر و فەلسەفە دەڕوات و لە ساڵی 1917 بەشی فەلسەفە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا تەواو دەکات و بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە بەدەستدەهێنێت. لێرەشەوە گەشتە درێژەکەی دیۆرانت لەگەڵ فەلسەفە دەستپێدەکات.
مێژووی فەلسەفە
کتێبی مێژووی فەلسەفە یەکێکە لە کتێبە جوانەکانی لە ساڵی 1924 چاپی یەکەمی بڵاوکراوەتەوەو ساڵی 1935 چاپی دووەمی کراوەتەوە. ئەم کتێبە بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕاوەو خۆشبەختانە لە ساڵی 2012 لەلایەن ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی کراوە بە کوردیی و خانەی وەرگێڕان لە سلێمانی چاپی کردووە. کتێبەکە گەشتێکی کورتە لە سەرەتای سەرهەڵدانی فەلسەفە لە خاکی یۆنان و تا سەدەی بیستەم، لەم کتێبەشدا تیشک دەخاتە سەر ژیانی شەخسیی و فیکریی کۆمەڵێک فەیلەسوفی ناوداری جیهان لەوانە» سوکرات، ئەفلاتون، سیپینۆزا، نیتچە،سپێنسەر، هیگڵ، کانت، برجنسون، جۆن دیویی» کۆمەڵێکی تر.
فەلەسەفە چییە؟
فەلسەفە دەبێتە بابەتی سەرەکی ئەم کتێبە و نووسەریش هەر لەسەرەتاوە خۆی بەو پرسیارەوە خەریک کردووە، ئاخۆ فەلسەفە مانای چییە؟. ویل دیۆرانت لە کتێبەکەیدا بەم شێوەیە وەسفی فەلسەفە دەکات و دەڵێت: فەلسەفە کاتێک دەستپێدەکات، کە مرۆڤ دەست بە فێربوونی گومان دەکات، بەتایبەتی گومان لەو بیروباوەڕانەی کە خۆشی دەوێن و لای پەسەندن . ئەو باوەڕ و شتە بەڵگەنەویست و هەقیقەتە چەسپاوانەی کە باوەڕی پێیانە و بە پیرۆزیان دەزانێ. ل23
شێوازی نووسین
دیارە کتێبی زۆر لە بارەی مێژووی فەلسەفەوە نووسراوە و ویل دیۆرانت یەکەم کەس نەبووە کە لەمبارەیەوە کتێب بنووسێت. بەڵام ئەوەی کتێبەکەی دیۆرانت لە کتێبەکانی تر جیا دەکاتەوە، شێوازی نووسین و ناوەڕۆکی کتێبەکەیە. بە گشتی خەڵکانێکی زۆر کاتێک باسی فەلسەفە دەکەن، دەسڵەمێنەوەو بە کارێکی قوورسی دادەنێن، لەمەشدا شێوازی نووسینی فەلسەفە رۆڵی هەیە، چونکە بەشێکی زۆری فەیلەسوف و بیرمەندەکان، بە شێوازی قورس کتێبەکانیان نووسیوە. بەڵام ویل دیۆرانت ئەم کتێبەی تەواو جیاواز نووسیوە.
ئەو سەرەتا هەوڵدەدات ئەو فەیلەسوفەی کە باسی دەکات، بە خوێنەرانی بناسێنێت، باسی ژیانی شەخسیی و تەنانەت سیمای شەخسیشیان دەکات، بۆ نموونە کاتێک باسی سوکرات دەکات دەڵێت: سەروکەللەیەکی رووتاوە، دوو چاوی قووڵ، سەری لە سەری کرێکارێک دەچوو نەک لە هی فەیلەسووفێک. ل20
بۆ زۆربەی فەیلەسووفەکان، باسی وردەکاریی ژیانی شەخسیان دەکات، پاشان دێت باسی کار و بەرهەمەکانیان دەکات. باسی کتێبە گرنگەکان دەکات و هەندێکجاریش بە پوختەیەک لە بارەی کتێبەکەوە دەدوێت. بۆ نموونە لەبارەی کتێبە بەناوبانگەکەی ئەفلاتونەوە « کۆمار» وەسفێکی کورتی دەکات و باسی ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات دواتریش لە وەسفیدا دەڵێت: لە کتێبی کۆماردا، ئەو گیروگرفتانەی بەرەوڕووی دنیای ئەمڕۆ دەبنەوە، لە کۆمۆنیزمەوە بۆ سۆشیالیزم و سەرەتای یەکسانی ژن و پیاو لە مافەکاندا، بەربەستکردنی منداڵبوون و زاستی چاکەکردنی وەچە، ئەو کێشانەی کە فەیلەسوفی ئەڵمانی نیتچە لەمەڕ ئەخلاق باسیان لێوە دەکات، کێشەو هەڵەکانی سیستمی ئەرستۆکراتی کە رۆسۆ باسیان لێوە دەکات. گشت شتێك لەم کتێبەدا بەدی دەکرێت، ئەمە خوانی خانە خوێیەکی بەخشندەی نانبدەیە، داوەتی کەمینەیەکی دەستەبژێری دانسقەیە،ل33
دواتر باسی ئەرستۆ و بەرهەمەکانی دەکات، من پێشتر دەمزانی کە ئەرستۆ بەرهەمی زۆری نووسیوە، بەڵام نەمزانیوە کە نزیکەی400 کتێبی نووسیوە، هەرچەندە هەندێک دەڵێن دەگاتە نزیکەی هەزار کتێب.
نووسەر هەوڵیداوە، پوختەیەک لە فیکری فەیلەسوفەکان باس بکات، بەمەش خوێنەری ئاسایی دەتوانێت شارەزاییەکی باشی لەبارەی ئەم فەیلەسوفانەوە دەستبکەوێت، کە لەوانەبێت بۆ خوێنەرێکی ئاسایی زەحمەت بێت، کتێبەکانی ئەو فەیلەسوفانە بخوێنێتەوە، بەڵام ویل دیۆرانت، توانیویەتی بەزمانێکی سادەوساکار، فیکری ئەو فەیلەسوفانە بە خوێنەر ئاشنا بکات.
لە هەمووشی گرنگتر نووسەر سەرەتا باسی ژیانی شەخسیی و فیکر و بەرهەمەکانی فەیلەسوفەکان دەکات، لە دواییشدا هاتووە باسی ئەو رەخنانە دەکات کە لەو فەیلەسوفە یان فیکرەکەی گیراوە، ئەمەش زۆر گرنگە چونکە خوێنەر تەنها لەیەک لاوە ئەو فەیلەسوفانە ناناسێت، بگرە خوێنەر هەڵە و خەوشەکانی فیکری ئەو فەیلەسوفانەش دەناسێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا زۆر گرنگە، چونکە تۆ زۆرجار لەرێگەی رەخنەکانەوە، هێندەی تر شارەزایی فیکر و فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفانە دەبیت.
فەیلەسوفە کۆن و مۆدێرنەکان
خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر هەوڵیداوە گەشتێک بەناو مێژووی فیکر و فەلسەفەی جیهاندا بکات و لە سەرەتاکانی فەلسەفەی یۆنانەوە دەستپێبکات و بە سەدەی بیستەم لە ئەمریکا کۆتایی بە گەشتە فیکرییەکەی بهێنێت. لەسەرەتادا کورتەیەک باسی فەیلەسوفانی پێش سوکرات دەکات و پاشان بە سوکرات و ئەفلاتون دەستپێدەکات و دواتریش دێتە سەر فەیلەسوفانی سەردەمی رۆشنگەریی و مۆدێرنەی ئەوروپا، هەتا دەگاتە دوایین وێستگەی کە ئەویش سەدەی بیستەمە و باسی فەیلەسوفانی ئەمریکا دەکات و بە جۆن دیوی کۆتایی بە گەشتەکەی لەگەڵ مێژووی فەلسەفەی جیهان دەهێنێت.
دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبە کۆمەڵێک زانیاریی زۆر باشی تێدایە لەبارەی فیکر و فەلسەفەی جیهان، نابێت ئەوەشـان لەیاد بچێت، کە ویل دیۆرانت، شارەزاییەکی زۆر باشی لە مێژوویی فیکر و فەلسەفەی جیهان هەبووە، هەربۆیە توانیویشێتی، بە باشترین شێوە زانیارییەکانی بە خوێنەرانی بگەیەنێت.
سەرچاوە:
ویل دیۆرانت. مێژووی فەلسەفە لە ئەفلاتونەوە تا جۆن دیۆی. وەرگێڕانی: ئەحمەد سەید بەرزنجی. خانەی وەرگێڕان. چاپی یەکەم. سلێمانی .2012
سەرچاوە: knwe