هەوڵی دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت

رێکخراوێکی هۆڵەندی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی کورسیی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستان دابین بکات. بەرپرسێکی رێکخراوەکەش دەڵێت، ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکاندا دەخوێنن، مانگانە بڕە پارەیەکیان پێدەدەن و دەشڵێت، "هەوڵدەدەین دوای تەواوکردنی خوێندن، هەلی کاریان بۆ بدۆزینەوە."
شەهریڤان عەبدی، بەرپرسی بەشی زەمالەی خوێندن لە رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو خوێندکارانەی کە خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کورسیی خوێندنیان بۆ دابین بکەن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە گوتی، ئەو خوێندکارانەی کە بە پارە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکاندا دەخوێنن، قیستەکانیان بۆ دەدەن و مانگانەش 210 دۆلار دەدەنە هەر خوێندکارێک. دەشڵێت، "دوای دەرچوونیان هەوڵدەدەین هەلی کاریان بۆ بدۆزینەوە، بەڵام ئەوانەی ئێستا دەچنە زانکۆکان بۆ ئەمساڵ جارێ هیچ پڕۆژەیەکمان نییە."

لەبارەی کارەکانیان، شەهریڤان عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ فۆکووسیان زیاتر لەسەر دۆزینەوەی هەلی کار دەبێت، ئەوەش بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا و خولی زمانی ئینگلیزی و مارکێتینگ و هەموو ئەو بوارانەی پێویستن بۆ بازاڕی کار، واتە راهێنانی کاتییان پێدەکەن بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ بازاڕی کار.

بەرپرسەکەی رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار خوێندکار سوودی لە پڕۆژەکانی رێکخراوی سپارک وەرگرتووە، ئێستاش 400 خوێندکار هەن کە رێکخراوی سپارک هاوکارییان دەکات تاوەکو زانکۆ تەواو دەکەن ئەوانیش هاوکارییان دەکەن.

لەبارەی ناردنە دەرەوەی خوێندکاران بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، شەهریڤان سەعید ئاماژەی بەوە کرد، رێکخراوەکەیان لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی کورسیی خوێندنی ماستەر بۆ ئەو خوێندکارانەی بەتوانان و خوازیارن درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن لە وڵاتانی دەرەوە.

 

سەرچاوە: rudaw- محەممەد ڕەحیم کەریم