هەرێمی بێ مەعریفە

 

د. سه‌ردار عه‌زیز

یەکێک لە هۆکارەکان کوردی باشور بەم دۆخە گەیشت، بێتوانایی بوو لە بەرهەمهێنانی مەعریفە. مەعریفە پرۆسەی گۆڕینی داتایە بۆ ڕوانگە یان دونیابینی. ئەم پرۆسەیە لە کاتێکدا پێویستی بە داتایە بۆ ئەوەی فەراهەم بێت، لە هەمانکاتدا پێویستی بە میتۆدە.

میتۆد ئەو بەشەیە کە کورد تیایدا کڵۆڵە. بۆ نمونە میتۆدی وەسفی یەکێکە لە باوترین میتۆدەکان، لای لێکۆڵەری کورد، کە لە ڕاستیدا میتۆد نیە. لە هەمانکاتدا پێواندن، بەوەی داتاکان دەهێنن بزانن ئایا کەیسەکە دەچێتە خانەی ئەو میتۆدەوە یان نا.

بە گشتی لە دونیای کوردیدا میتۆد وەک ئامراز دەبینرێت، زۆرجار وەک ئامرازێکی لاوەکیی. ئەمەش نابێتە مایەی گۆڕینی داتا بۆ مەعریفە. دیارە لە ژینگەی کوردستاندا زۆرجار داتا یان نیە، یان ئەگەر هەبێت ژەهراوییە، یان بەکاربەرەکە نەیتوانیوە خۆی لە سەنگەرگەرێتی جەنگی ناوخۆی کوردی ڕزگار بکات. 
 

لە دۆخی ڕۆشنبیری کورددا دۆخەکە سەختترە، چونکە کۆمەڵێک قەید و قیود هەیە بۆ ڕۆشنبیر، بۆ نمونە، دەبێت ڕەخنەگربێت، یان داکۆکی لە جەماوەر بکات یان دژی دەسەڵات بێت. هەموو ئەمانە یانی ئەم کەسە چالاکوانە نەک بەرهەمهێنی مەعریفە. بە گشتی عەقڵی کوردی، ئەگەر شتێکی وەها بونی هەبێت، هەتا ئێستا ئاشنا نیە بە مەعریفە و چۆنێتی بەرهەمهێنانی.

دەسەڵاتی کوردی لە ڕێگای ڕۆژنامەنوسەکانیەوە داتا فڕێ دەداتە دەرەوە، لەم دواییانەشدا دەبینین داتا لە شێوازی دانپیانان و یادەوەریی و لێداوان و زۆر شێوازی تر فیچقە دەکاتە دەرەوە. لە مێژوی سێکچوالێتیدا فۆکۆ باس لە دانپیانان دەکات وەک کردەیەکی دەسەڵاتیی مەعریفەیی، ئێمە کڵێسامان نیە، بەڵام تەلەفزیون و سۆشیال میدیاکان هەمان ڕۆڵ دەبینن. ئەوەی وەهایکردوە کە ڕۆشنبیری کورد ناتوانێت مەعریفە بەرهەم بهێنێت ئەوەیە کە خۆی لە سەنگەرەکانی شەڕی ناوخۆی کوردیدایە و ڕەخنە وەک کردیەکی ئابوری پیادە دەکات.ئابوریی بە مانا فراوانەکەی.
 

لە هەمانکاتدا دەسەڵاتی کوردی دژ بە مەعریفەیە، تەنها و تەنها پڕوپاگەندەی دەوێت، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیونیشەوە.

سەرچاوە : سپی میدیا