هاوپه‌یمانی كورسی و قه‌نه‌فه‌

 

 

 

ره‌حمان غه‌ریب

 

 

ته‌ماشاكردنێكی خێرا به‌ چاوپێكه‌وتنی هاوڵاتیانی ناوه‌ندی شار و ئینجا شارو شارۆچكه‌كوردستانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له‌ ئاستی  وردبینی قۆناغی سیاسی

وئاڵۆزییه‌كانیدا، ئه‌وان به‌ ره‌خنه‌گرتنیان له‌ ناته‌بایی و نیگه‌رانییان له‌و هه‌ڵه‌ سیاسییانه‌ی ده‌نگی كوردی په‌رتكرد، به‌رپرسیارانه‌تر بوون له‌ هه‌ڵچوونی سیاسییه‌كان.

به‌ ره‌فتاری مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌، چالاكیی و كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنیان به‌ڕێوه‌برد و سه‌رخست. بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و له‌ جوگرافیایه‌كی دیاریكراویشدا بێت، ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان تێكشكاند كه‌ به‌ شه‌ڕه‌په‌ڕۆ ناسرا. 

هۆشیاری سیاسی زاده‌ی ته‌نها وانه‌ی ناو په‌یمانگا و ئه‌كادیمیای كادرانی پارته‌ سیاسییه‌كان نین، كه‌ هه‌ندێكیان هۆشیاری ده‌شێوێنن. كادری هۆشیار له‌ناو كۆڕی خه‌باتدا، له‌ناو جوڵانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ مافه‌ دێموكراتی و پیشه‌ییه‌كانی، فێر ده‌بێت، له‌كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانی شه‌قام ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت.

په‌یمانگا و ئه‌كادیمیای كادرانی پارتی و یه‌كێتی، با زه‌حمه‌ت بكێشن هه‌موو ئه‌و دیدارانه‌ی له‌ میدیا جیاجیاكانی هه‌رێم كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ كراون كۆبكه‌نه‌وه‌، ته‌ماشای ئاستی هۆشیاری سیاسییان بكه‌ن، له‌ داخوازییه‌كانیان وردببنه‌وه‌، گوتاره‌كانیان هه‌ڵبسه‌نگێنن، بیكه‌نه‌ وانه‌ بۆ فێرخوازانیان، ئینجا وه‌ك لیستی داخوازیی بۆ سه‌ركرده‌كانی به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بۆ (كورسی) و (قه‌نه‌فه‌) به‌ده‌ستهاتووه‌كان، بكرێنه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ سیاسه‌تی واقعی، نه‌ك ئامرازێك بۆ بازرگانیكردن.

ساده‌یی گوتار و دیداره‌كانی هاوڵاتیان له‌پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌یان، په‌یام  بوون بۆ سه‌ركرده‌ی حزبه‌ به‌شداربووه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ شاره‌كه‌، كه‌ كه‌مترنین له‌ پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ ده‌ربازبوون له‌ په‌رتبوون و بێباكی نیشتمانی‌ و زاڵبوون به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان، رێزگرتنیش له‌ جیاوازی.

ئه‌م هۆشیارییه‌ ده‌كرێت بكرێنه‌ ده‌رفه‌ت بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، زه‌مه‌نێك كه‌ دابڕوا بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێش خۆی، قه‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان لێكبدرێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی بكرێنه‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز تا كوردستان قه‌واره‌كه‌ی پارێزراو بێت.

زه‌مه‌نێك كه‌ یارمه‌تیده‌ربێت بۆ ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی به‌ته‌نیشتی یه‌كه‌وه‌ ئاڵای كوردستان و پارته‌ ركابه‌ره‌ كوردییه‌كانیان به‌رزكردبۆوه‌ و به‌ شه‌قامه‌ بێ خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌ركوك و ده‌روبه‌ری له‌ وه‌سفی خه‌مه‌كانیاندا، داخوازی و خه‌ونه‌كانیاندا، ساده‌ و قوڵبوون، كه‌ هه‌م گوزارشت له‌ هۆشیاری دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی، هه‌م توانا سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی (شوناس)، ده‌كاته‌وه‌. 

وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ تازه‌گه‌ریی له‌ گوتاری سیاسی، كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و سیاسی به‌رامبه‌ر ئه‌و هۆشیارییه‌ی كوردستانیانی كه‌ركوك، با ئه‌و یاسای دژایه‌تییه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌لایه‌ك و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌یان له‌ لایه‌كی تر، له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی كوردستان هه‌مواربكرێته‌وه‌.

سەرچاوە : سەنتەری میترۆ