1984)ی جۆرج ئۆروێڵ شاكارێكه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تۆتالیتاریزم، رۆمانێكه چه‌مكی وه‌كو سه‌رگه‌وره، پۆلیسی فكر، ژووری (101)، بیركردنه‌وه به گروپ، دووباوه‌ڕی و زۆر چه‌مكی دیكه‌ی تێدا به‌كارهاتووه كه هێشتا له گوتاری سیاسی‌دا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه. BBCسه‌باره‌ت به‌م رۆمانه كاریگه‌ره له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆر «ده‌یڤید دوڤان، دكتۆر لیزا مولین و پڕۆفیسۆر جۆن براون» گفتوگۆی كردووه. ئه‌م گفتوگۆیه باسی نه‌مری ئه‌م رۆمانه ده‌كات و پشت به‌چه‌ند لایه‌نێكی ده‌قه‌كه ده‌به‌ستێت كه له‌وانه‌یه له‌به‌رچاوی خوێنه‌ر دیار نه‌بێت.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
1- ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئۆروێڵ له شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیادا ئاماده‌گی هه‌بووه له رۆمانه‌كه‌دا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه. بنه‌مای سیاسی بیركردنه‌وه‌ی ئۆروێڵ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له كاتی ئاماده‌بوونیدا له شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا فۆرمه‌ڵه بووه.
ماوه‌یه‌كی زۆر له ژێر كاریگه‌ری یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا هاوڕێ له‌گه‌ڵ باڵی كۆماریخوازاندا دژی دوژمنی هاوبه‌ش، واته فاشسته‌كانی جه‌نه‌ڕاڵ فرانكۆ شه‌ڕی كردووه. هه‌روه‌ها ئاشكرایه له كتێبی "سڵاو له كه‌ته‌لۆنیا"ی ئۆروێڵدا هاتووه، شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا چاوی ئه‌وی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كردۆته‌وه كه ستالینیزم هیچ بۆن و به‌رامه‌یه‌كی بیركردنه‌وه‌ی ئازادی لێوه نایه‌ت و هۆشیارییه‌كی فراوانتری سه‌باره‌ت به كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵات په‌یدا كردووه. ئه‌م قۆناغه رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له خوڵقاندنی دنیای تۆتالیتاریزم‌دا، ئه‌و دنیایه‌ی له ژێر چاودێری سه‌رگه‌وره و "حزب"ی ئینگسوس "سۆشیالیزمی ئینگلیزی" و هێزی ئه‌هریمه‌نی پۆلیسی فكردا بووه.
2- (1984) به‌رگرینامه‌ی مافی مرۆڤه:
پڕۆفیسۆر ده‌یڤید دوڤان ده‌ڵێت: "ئه‌و سه‌ركوتكردنه‌ی كه له رۆمانی (1984)دا ره‌سم ده‌كرێت بهرگرینامهیهكی به‌هێزه له مافی مرۆڤ." ئۆروێڵ كه خۆی به سۆشیال دیموكرات و هیومانیست ده‌زانی له‌و كه‌سانه بوو كه دوای دووه‌م جه‌نگی جیهان خوازیاری نووسینی گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی مافی مرۆڤ بوو. دیسه‌مبه‌ری (1948) بوو "شه‌ش مانگ پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانی (1984)" كه گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان په‌سه‌ندكرا، كه تیایدا مافی دادوه‌ریی عادیلانه و ئازادی بیركردنه‌وه و پاراستنی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان جێگای كرابۆوه، هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی ئۆروێڵ له رۆمانه‌كه‌یدا به ئاشكرا ئاماژه‌ی بۆ پێشێلكردنیان كردبوو.
3- وینستۆن سمیس پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه، كه‌سێكی پڕ عه‌یب و عاره:
كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه وینستۆن سمیس، پاڵه‌وانێكی كلاسیك نییه، مرۆڤێكی ته‌مه‌ن ده‌وری چل ساڵی ره‌قه‌ڵه‌ی دهماردهرپهڕیوی تاقم له ده‌مه، مرۆڤێكی ئاڵۆزه و كاتێ بیرله‌وه ده‌كاته‌وه له‌وانه‌یه بووبێته هۆی مردنی دایكی ئازار ده‌چێژێت. چێژلهوهش ده‌بینێ كه ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ناو په‌نابه‌راندا دروست بكات.
پڕۆفیسۆر جۆن براون ده‌ڵێت: ( سمیس زۆر دژی ژنه. كاتێ بۆ یه‌كه‌مجار جولیا ده‌بینێ "ئه‌و ژنه‌ی حه‌زی لێیه‌تی و له‌گه‌ڵیدا دژی سه‌رگه‌وره خه‌باتی كردووه" ده‌ڵێت ویستویه‌تی به گۆچانی پلاستیكی هه‌تا ده‌مرێت داركاری بكات!).
4- جولیا سادهپهرست و فرۆیدییه:
جولیا ژنێكی هه‌وه‌سبازه پێش ئه‌وه‌ی وینستۆن ببینێ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سی ئه‌ندامی ناوخۆی حزبدا رایبواردووه. ژنێكه چێژ له شتی روكه‌شی وه‌كو قه‌ڵه‌می لێو و قاوه‌ی باش ده‌بینێ. جولیا ئه‌م شتانه‌ی له ئه‌ندامانی حزب دزیوه كه نیشانه‌ی حه‌زی ئه‌وه بۆ شكاندن و پێشێلكردنی یاساكانی ئه‌وان، به ئاره‌زووی وینستۆن بۆ هێرشكردنه سه‌ریان و نابووتكردنیان كارده‌كات. جولیا سه‌باره‌ت به كۆنترۆڵكردنی په‌یوه‌ندی سێكسی خۆشیبه‌خش له‌لایه‌ن حزبی فه‌رمانڕه‌واوه به وینستۆن ده‌ڵێت: "هه‌موو ئه‌م رێپێوان و سه‌ر و خواركردن و ئاڵا راوهشاندنانه ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی په‌یوه‌ندی سێكسییه."
ده‌یڤید دوڤان ده‌ڵێت ئه‌م شێوازه‌ی ئۆروێڵ بۆ نیشاندانی تێڕوانینی فرۆیده بۆ سه‌ركوتكردنی كۆمه‌ڵگا و جه‌خت له‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌كاته‌وه بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی راسته‌قینه پێویستت به سیاسه‌ته نه‌ك ته‌نیا زانینی ئه‌وه‌ی ره‌گ و ریشه‌ی سه‌ركوتكردن له كوێدایه.
5- "پرۆلهكان" كێشه دروست ده‌كه‌ن:
پرۆلهكان له سه‌دا هه‌شتا و پێنجی دانیشتوانی ئۆقیانووسهكه "ئۆشیانا، وڵاتی گریمانه‌یی رۆمانی 1984" پێكده‌هێنن و عاشقی بیره و فوتبۆڵ و بیتاقه‌ی یانسیبن و به‌تایبه‌تی چێژ له "پرول فید" ده‌بینن واته پڕوپاگه‌نده‌ی حزبی فه‌رمانڕه‌وا كه به به‌رده‌وامی بڵاوده‌بێته‌وه. هه‌ندێك هه‌ست ده‌كه‌ن به‌شێكی به‌رچاو له كۆمه‌ڵگا كه ئازادن هه‌رچیان حه‌ز لێیه بیكه‌ن، كهلێنێكه له پلۆتی رۆمانه‌كه‌دا به‌ڵام بایه‌خدانی ئۆروێڵ به‌وان سۆز و به‌زه‌ییه له هه‌مانكاتدا سووكایه‌تی پێكردنیشیانه.
6- تێڕوانینی ئۆروێڵ بۆ ئاینده له‌گه‌ڵ تێڕوانینی (ئه‌لدۆس هاكسلی) و (هێربه‌رت جۆرج ویلز) ناكۆكه. ئۆروێڵ ده‌نووسێت: "پێشبینییه سیاسییه‌كان ئاسایی هه‌ڵه ده‌رده‌چن" كه‌واته ده‌بێت ئێمه (1984) زیاتر له پێشبینی ئاینده وه‌كو جۆرێك له ئاگاداركردنه‌وه سه‌یر بكه‌ین.
ده‌ڵێن ئه‌م رۆمانه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی پێشبینی كه‌سانیتر نووسراوه وه‌كو جیهانی پێشكه‌وتوو و چێژبه‌خش، هه‌ڵبه‌ته (Dystopia) واته "شاری گه‌نده‌ڵ"ی ئه‌لدۆس هاكسلی و ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی له رۆمانی (دنیای جوانی نوێ)دا باسی كردووه هه‌روه‌ها ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی (هێربه‌رت جۆرج وێلز) سه‌باره‌ت به ئاینده‌یه‌كی دره‌وشاوه. ئۆروێڵ له جیاتی دروستكردنی (یوتۆپیا) پاشان وێرانكردنی دنیای (1984)ی هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی ترسناكی مرۆڤه‌كانمان له ئاینده‌دا نیشان بدات.
7- هۆشیاری ئۆروێڵ سه‌باره‌ت به نزیكبوونه‌وه‌ی مردنی بۆته هۆی فۆرمه‌ڵه‌بوونی فه‌زای شاری وێرانی رۆمانی (1984). ئۆروێڵ دوو ساڵ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانی (1984) تووشی نه‌خۆشی سیل بووه، بێگومان قۆناغه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كاری له فه‌زای نووسینی رۆمانه‌كه كردووه. له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی خهواندبوویان دانیشتن و قسه‌كردن و خوێندنه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه كردبوو. به ده‌رزییه‌كی گه‌وره ده‌رمانیان ده‌كرده ناو سییه‌كانییه‌وه و به‌رده‌وام سه‌یری وێنه و تیشكه‌كانیان ده‌كرد.
هه‌موو ئه‌مانه جۆرێك بوون له ئه‌شكه‌نجه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌نجامی چاره‌سه‌ر و كۆنترۆڵی شوومی ئه‌و ده‌ره‌ده ده‌بووه هۆی ساڕێژبوونی هێزی خه‌یاڵی ئۆروێڵ تا له كۆتایی رۆمانی (1984)دا دیمه‌نی نه‌هامه‌تی وینستۆن سمیس له ژووری (101) ره‌سم بكات.
8- ژووری (101) ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی شێواز و رێگاكانی چاره‌سه‌ری ده‌روونییه. (Lobotomy) واته "كڕاندن و برینداركردنی به به‌شی پێشه‌وه‌ی مێشك" و چاره‌سه‌ر به كاره‌با لێدان، له چله‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا شێوازی باو بوون بۆ چاره‌سه‌ری ده‌روونی و ئه‌م شێوازانه وه‌كو ئه‌شكه‌نجه‌كانی ژووری (101) له رۆمانه‌كه‌دا هاتوون. وینستۆن ده‌به‌ن بۆ ژووری (101) بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵی بێته‌وه سه‌رخۆی و له روانگه‌ی لیزا مولین-ه‌وه ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی بیروبۆچوونی ده‌روونزانی ئه‌مڕۆیه. مولین ده‌ڵێت: "بیرۆكه‌یه‌كی ئاوا له‌و زه‌مانه‌دا باو بووه. گومانیان ده‌كرد تاوانه‌كه ته‌نیا له ئه‌نجامی چه‌ند كێشه‌یه‌ك له خولگه‌ی مێشكدا رووده‌دات و ئه‌گه‌ر بتوانیت به ته‌زووی كاره‌با كۆنترۆڵی بكه‌یت، ده‌توانیت مرۆڤی باش دروست بكه‌یت و كاره‌كته‌ر و ره‌فتاری مرۆڤه‌كان بگۆڕیت."
9- ئۆروێڵ نیگه‌رانی كۆتایی مێژوو بوو:
فراوانبوونی بانگه‌شه و پڕوپاگه‌نده‌ی ستالینی له شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیادا بووه مایه‌ی نیگه‌رانی ئۆروێڵ سه‌باره‌ت به بوون و مانه‌وه‌ی هه‌واڵ و راپۆرتی بێلایه‌نانه سه‌باره‌ت به رووداوه‌كان.
ده‌یڤید دوڤان ده‌ڵێت: "ئۆروێڵ مرۆڤێكی ئه‌زموونگه‌ر بوو، باوه‌ڕی وابوو ده‌بێت حه‌قیقه‌ت له‌وه‌وه بزانین و تێبگه‌ین كه ده‌یبینین و ده‌ستی لێده‌ده‌ین، هه‌ر بۆیه تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌باره‌ت به مێژوو و چۆنییه‌تی تۆماركردنی رووداوه‌كان له مێژوودا دوودڵ و به گومان بوو."
له (1984)دا ئۆروێڵ نیگه‌رانییه‌كانی نیشانی وه‌زاره‌تی حه‌قیقه‌ت داوه كه خه‌ریكی نووسینه‌وه و گۆڕینی مێژووه. هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ی وینستۆن سمیس ئیشی لێ ده‌كات. ئه‌مڕۆش ئه‌م نیگه‌رانییه سه‌باره‌ت به هه‌واڵی دروستكراو زۆر هه‌ستی پێده‌كرێت.
سەرجاوە: knwe