لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە

 

عوسمان زیندانی

فەلسەفەی ووشەی ( مرۆڤ )

‎لەجاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا  مافی یەكسان بۆ هەموو مرۆڤێك بێجیاوازی دەستەبەر كراوە ، جیاوازی  لەڕووی ڕەگەز و نەتەوە و زمان و ئایین و نەژاد و تەمەن و

‎شوێن و بیروڕای سیاسی قەدەغە كراوە و لە هەموو ئاستەكان و سەرجەم بوارەكانی ژیانی سیاسی و باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتوری گرتۆتەوە لەسەر ئاستی جیهان ٠
 

‎لەم بابەتەدا بەتایبەت لەسەر ( مافی ئافرەتان) قسە دەكەین كە بەچ شێوازێك و چۆن داڕێژراوە و فەلسەفەی ماف لەم جاڕنامەیەدا بۆ ئافرەتان چ جێگا و ڕێگایەكی هەیە وچ بوارێكی گرتۆتەوە ٠
 

‎ ئەوەی خاڵی جەوهەری و گرنگ بێت ئەوەیە كە لە كۆی (٣٠) ماددە و دیباجەی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا ، ووشەی ( مرۆڤ )  بەكار هاتووە بێ ئەوەی جیاكاری بكات لە ڕووی ڕەگەزەوە و ووشەی (ئافرەت یان پیاو  یان نێر  و مێ )بەكار بهێنێت ،  تەنها لە ماددەی (١٦)  نەبێت كە دەستەواژەی (پیاو و ژن) بەكار هاتووە ئەویش جەخت كراوەتەوە لە سەر مافی یەكسان لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە واتا بەرژەوەندی ئافرەت ومافەكانی لەم پرۆسەیەدا بێ جیاوازی و  بەیەكسانی چەسپاوە٠ لەماددەی (٢٥) جەخت لە سەر مافی دایكایەتی ومناڵ بەخێو كردن دەكاتەوە كە دەبێت  هاوكاری و چاودێریان بۆ دابین بكرێت ٠
 

‎مافی ئافرەتان كەبنەمایەكی سەرەكی و بنەڕەتیە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا بەڵام لەزەمینەی  واقیعدا ڕێك پێچەوانەی بنەماكانی ئەو یاسا جیهانییە ٠

‎ لەكاتێكدا ئینسانی ئافرەت لە توانایی بەرهەمهێنان و  لە ژیانی  ئیداری و سیاسی و ئابووری ڕۆڵێكی كاریگەرەو           

‎لەبنیاتنانی خێزان و  بەخێوكردنی مناڵ و ڕاگرتنی خێزاندا ، كە لەم قۆناغەی ئێستای مرۆڤایەتیدا بووتە بەشێكی گرنگ و پێویستی ژیانی مرۆڤایەتی ڕۆڵێكی كارایە ٠

‎ئاماری نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژە بەپێشێلكاری گەورە و هەمەلایەنە دەدەن لەئاست مافەكانی ئافرەتاندا تەنانەت لە دنیای پێشكەوتوودا لە چاو  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتە ئیسلامی و دواكەوتوەكانی جیهاندا پێشلكاری مەترسیدار هەیە ٠

‎نەبوونی فرسەتی كار و نەڕەخساندنی بواری  پێویست بۆ هاتنە مەیدانی كاری سیاسی وئیداری و ئابووری وبازرگانی ئافرەتان یەكێكە لەهەر كێشە گەورەكانی بەردەم ئازادی  و  و سەربەستی ئافرەتان لە كۆت وبەندی نەریت و یاسا و ڕێساكانی كۆمەڵگەی پیاو سالاری و  جیاوازی چینایەتی 

‎بەپێ ئامارەكان بەرزترین ڕێژەی بێكاری لە ناو ئافرەتاندایەو  لەسەر ئاستی جیهان لە (٢٨%) كۆی بێكارانی جیهان پێك دەهێنن كە دوو بەرامبەری ڕێژەی بێكاریە لەناو پیاواندا  و بەپێی دوا ئامارەكان لە ووڵاتی ئەردەن (لە ٣١) لە عێراق (لە%٢٨) ، لەخراپترین حاڵەتدا لە نەیجیریادا لە(٣٣%) لە باشترین حاڵەتدا كە ووڵاتی فیلندایە و ناسراوە بە ووڵاتی خۆشگوزەران لە (٧%) ئافرەتان بێكارن ٠

‎جیاوازی لەكرێی كار و نەبوونی كاری گونجاو لەكۆی (١٠)ئافرەت (٩) ئافرەت هیچ  چالاكیەكی ئابووری نیە و لە باری هەلومەرجی پێویست لەڕووی تەندروستی و  ژیانی كۆمەڵایەتیەوە  لەكۆی( ٢٠ ئافرەت )یەكێك  ئافرەت دەست درێژی دەكرێتە سەری ٠

‎لەڕووی بەشداری سیاسیەوە هێشتا ئافرەتان لە بەشێك لە دەوڵەتاندا هیچ زەمینەیەكی پێویستی نیە  بۆهاتنە مەیدانی سەركردایەتی سیاسی ووڵات بێت یان حزب و  بێت زۆربەی سەركردەی وڵاتان و حزبەكان وڕێكخراوەكان پیاون نەك ئافرەت ، لە(١١%) سەرۆكی ووڵاتان ژن بوون لە(٩%) سەرۆك وەزیران بوون لە ((٢٢%) سەرۆكی پەرلەمان  و لە (٢٨%) جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوون 

‎بە پێی ئامارەكانی یەكێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی ٠

‎لە ڕووی توانای مەعنەوی و داراییەوە ژنان زۆرترین ڕێژەی هەژاریان بەردەكەوێت كە لە(١٧%)  نەخوێندەواران ئافرەتن  كە كاریگەری هەیە لەسەر دەست كەوتنی كار و لە هەر (١٠) ئافرەتێك یەكێكیان بێكارە لەعێراقدا بەپێی ئامارەكانی ساڵی (٢٠٢١)وە عێراق ناسراوە بەووڵاتی بێكاركردنی ژنان ٠
 

‎لەڕووی قوربانی جەنگەكانەوە كوشتن و بریندار بوون و ئاوارە بوونەوە،لە جەنگی نێوان فلستین وئیسرائیل دا لە (٧٠%) كوژراوەكانی فلستین ژن ومناڵن و  زۆربەی ئاوارەكان كەزیاتر لەیەك ملیۆن كەس دەبێت  زۆرینەی ئافرەتانن  كە بێ خانە و لانەن و جێگای پارێزراو  ژیان. بەسەر دەبەن ٠
 

‎ئەمە لەكات و سەردەمێكدایە كە زۆربەی هەر زۆری دەوڵەتەكان  باسی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەكەن و خۆیان بەپارێزەری دەزانن واژۆیان لەسەر ئەو بەیاننامە جیهانیە كردوە كە جاڕنامەیەكی یاسایی و دەستوری  دانپینراوی نێو دەوڵەتیە و هەموو ئەو مافانەی تیادایە كەلەدنیای ئەمڕۆدا پێشێل دەكرێن ٠
 

‎ لێرەوە دەكەینە ئەو دەرئەنجامەی كە دەقەیاساییەكان وجاڕنامە و بەڵێنامە جیهانیەكان  بەس نین بۆ پاراستنی شكۆی ئینسانی ئافرەت  ، بەڵكو دەبێت هەوڵ وكۆششی بەردەوام هەبێت بۆچەسپاندنی ئەو مافانە لە كۆی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتوریدا كەئەمەش دەبێت پشت بەستوو بێت بەتێكۆشان وكار و چالاكیەیەك كە سەرچاوەكەی بیرو باوەڕی ئینسانی و پێشكەوتوخوازی و یەكسانیخوازی بێت نەك هەڵاواردن و بەپلە دوو تەماشاكردنی ئینسانی ئافرەت وەك چۆن لەزۆر بیروباوەڕی دواكەوتوودا هەیە و كاری لەسەر دەكەن ودەبێت چەپ وشیوعی وئازادیخوازان لە پێشەنگی  ئەو خەباتەدابین كەلەبنەڕتدا فەلسەفەی ووشەی( مرۆڤ ) بەشێكی گرنگ و سەرەكی وبنەڕەتیە لە فكر و باوەڕی ئێمەدا ٠

سەرچاوە : سپیمیدیا