فەرنجی و کوڵە باڵەکەی خورماڵتان باش

 

 

دەلیل جەمال

 

کورد بەتەواوی پێکهاتەیەوە گرفتی گەورەمان لەوەدایە ئاگاداری مێژوو و یان شوناس و ڕەسانایەتی خۆمان نین، هەرئەمەش وادەکات زۆرجار بەئاگایی یان نائاگایی هەڵە دەکەین، کەدەڵێین زمانی کوردی واتە تەواوی ئەو بنەزمان و زار و دیالێکت و لەهجانە دەگرێتەوە بەشێکن لە جوانی فراوانی و دەوڵەمەندی زمانی کوردی، هەڵبەت ئەمە بۆ تەواوی کایەکانی دیکە درووسته، بە کلتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریمانەوە.

لەماوە ڕابردوودا گرفتێک لەخورماڵ درووست بوو لەسەر دانانی پەیکەری فەرەنجی، بێ ئاگایی لە کلتوور و شوناس وادەکات بەهەڵە تێڕوانینمان بۆ بابەتەکان هەبێت، ئەوەی فەرەنجی بەتەنها هی هەورامی دەزانێت و نایکاتە بەشێک لە کلتووری نەتەوەیمان هەڵەیە و ئەوەش پێی وایە فەرەنجی هی هەورامییە ونابێت لەخورماڵ یان شوێنی دیکە دابنرێت زۆر هەڵەیە،  کەسێک ئاماژەی بەوەدابوو خورماڵ هەورامان نییە چۆن پەیکەری فەرنجی لێ دادەنرێت؟ داخەکەم کەسانی دیکەش نەزانانەو بێ ئاگایانە کەوتنە نێو ئەم دەربڕینە نەزان و بێ ئاگاییە، بێ ئاگا لەوەی فەرهەنگ کلتوور هتد سنوور دار و وابەستە نابێت بە جوگرافیا، بێ ئاگا لەوەی فەرەنجی یان کوڵەباڵ، هەورامییەک جافێک تەواوی پێکهاتەی کوردەواری بەهی خۆی دەزانێت و لەبەری دەکات، سەیربکە کوردێک لەهەر عەشیرەت و ناوچەیەک بێت لەبەری دەکات و بەهی خۆی دەزانێت، بەهەمان شێوە شاڵ، کڵاش، هتد، ئەکرێ بەرهمێک کە ئێستا بووەتە شوناس و ناسنامەمان سەرەتا لە کوێرە دێیەکی ئەم نیشتمانە درووستکرابێت، بەڵام دوجار موڵکداری و خاوەنداری هی نەتەوەو گەلێکە و شانازی پێوەدەکات، هەر وەک ئەو ئەدەبەی ئەمڕۆ هەموومان شانازی پێوەدەکەین.

مەولەوی لەهەڵەبجە بووە، ئەمڕۆ پەیکەری لە زۆربەشارەکانی کوردستان بۆ دروست کراوە ئەمە بۆ نالی و مەلای جزیریش ڕاستە، هتد.  

بەداخەوە زۆر شتمان شێوێنرا لەلایەن دۆست و نەیارەوە زۆر بابەتی گرنگی مێژووی و ڕۆشنبیری و کلتووریمان وێرانکرد، لەنەزانی، ئێمەی کورد زۆرجار نەزانێک بەردەکە دەخاتە ناو ئاوو لەگۆشەیەکی تەسک و خراپەوە پێناسە دەکات، بەڵام خۆناکرێت ئەو پاشخانە مێژووییەو ئەو پرشنگدارییە لە کلتوور و فەرهەنگمان لەبیر بکەین. جا هەندێک هاوڕێ بەهەڵە لە فەرەنجی و کوڵەباڵ تێ گەیشتوون، بێ ئاگا لەوەی ئەمڕۆ هەموو کورد لەبەری دەکات، پیاوچاکانی هەورامی بۆجاف بۆ ئەوانی دیکە فەرەنجی، شاڵ کڵاش و جامانە و مشکی لەبەردەکەن و لە پێدەکەن، کەچی کۆمەڵێک بێ ئاگا لەمە تەفسیری نادرووست دەکەن، بۆیە فەرەنجی ڕەمزی کورد و بەشێکە لەفەرهەنگ و کلتووری کورد لە خورماڵ بێت یان لە سنە و ئامەد دەکرێت دابنرێ و ڕێزی لێبگرین، خراپە نەزانانە بەسەر زانست و مێژوودا بکەوین... لێگەڕێن زۆر شتمان لەناو برد و شێواندمان و کردمانە قوربانی بیری بچوکی شەخسی ئەوەی ئێمەی هێشتووەتەوە زمان و ئەم کلتوور و فەرهەنگەیە، تکایە ئەویش مەشێوێنن، پەرلەمانی کوردستان پاسەوانەکانی بە جل و بەرگ و فەرەنجی و پوزەوانە و کڵاشەوە ڕاوەستاون، کەچی لە خورماڵ داخەکەم خەریکە کێشە بۆ دانانی فەرەنجی و کوڵەباڵی نەتەوەییمان دروست دەبێت
ئەم پارچە شیعرە...گەوایی دەری ئەم ڕاستییەیە


فەرەنجی پۆش، کەڵپۆس لەکۆڵ
بۆ تۆم گەڕام دۆڵ بە دۆڵ
هەرداو هەردم کرد دەشت و کۆ
نامە ژێرپێ گەڕام بۆتۆ
لەدارستان لە کانی و ئاو
لە گشت لا تۆم هاتە بەر چاو
گرتم شوێنی هەنگاوەکەت..... هتد
حۆریە غمیان.....

 

سەرچاوە : خەندان