ئۆرهان پاموك..
محه‌مه‌د كه‌ریم
من له زانكۆی كۆڵومبیا ده‌رسی ئه‌ده‌بی پراكتیكی ده‌ڵێمه‌وه. سه‌ره‌تای هه‌موو نیوه‌ی ساڵێك، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌م بۆ كڵاس، قسه و باس بێت سه‌باره‌ت به یه‌كێك له رۆمانه‌كانی خۆم. هه‌میشه به‌سه‌رهاتێكی كۆن سه‌باره‌ت به نووسین و ده‌رس وتنه‌وه بۆ خوێندكاره تازه‌كانم دەگێڕمەوە.
به‌سه‌رهاتێكی زۆر خۆشه (به‌ڵام له‌وانه‌یه دروستكراویش بێت) سه‌باره‌ت به فلادیمیر نابۆكۆڤ، كه له ساڵی 1957دا، بۆ كورسی ئه‌ده‌بی روسی له زانكۆی هارڤارد پێشنیاز كرابوو. هه‌ندێك كه‌س پێشوازییان له‌و پێشنیازه نه‌كرد. ده‌ڵێن گوایه (رۆمان جاكۆبسۆن) زمان‌ناسی هارڤارد به هاوكارانی گوتووه: «ئه‌گه‌ر بڕیاره نووسه‌رانی گه‌وره ده‌رسی ئه‌ده‌بی روسی بڵێنه‌وه، كه‌واته فیلیش بهێنن له كۆلیجی زینده‌وه‌رزانی ده‌رس بڵێته‌وه.» خوێندكاره‌كانم پێده‌كه‌نن، پاشان ده‌چمه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه ده‌بێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م. «ئه‌م نیوه‌ی ساڵه، من فیلێك ده‌بم كه له به‌رامبه‌رتان وه‌ستاوه، به‌ڵام ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆشم ده‌ده‌م مامۆستاش بم.»
فیله‌كان نازانن چی كردوونی به فیل. ته‌نیا ئه‌وه‌یه فیلن. به‌هه‌مان شێوه‌ش رۆماننووسه‌كان له كاتی نووسنی رۆمانهكانیاندا، به ئاگاییه‌وه په‌نجه ناخه‌نه سه‌ر ئه‌و ئیشه‌ی ده‌یكه‌ن. ئه‌و شتانه‌ی له كاتی نووسیندا به‌نیازن وه‌سفی بكه‌ن و ده‌ریبڕن و ئه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بچنه ناوی، له‌وانه‌یه زۆر جیاواز بن له‌و ره‌گه‌زانه‌ی خوێنه‌ران و خوێندكاران ته‌ركیزی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. نووسه‌ری رۆمانێك هه‌میشه له باشترین پێگه‌دا نییه بۆ شیكردنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی، له كۆتاییدا له‌وانه‌یه كه‌سانی تر زیاتر له خودی رۆماننووس هۆگری دەقەکە بن.
زۆربه‌ی خوێندكاره زیرهكهكانم له كۆڵۆمبیا، ته‌واو ئاگایان له‌م ناكۆكییهیه، له ئه‌نجامدا ناچار نیم كاتێكی زۆر بۆ ئه‌م بابه‌ته ته‌رخان بكه‌م، هه‌رچه‌نده پاشان جاریوایه له‌م باره‌یه‌وه ئاگاداریان ده‌كه‌مه‌وه: «ئێستا ده‌مه‌وێت نه‌ك وه‌كو مامۆستا، به‌ڵكو وه‌كو فیل له كڵاسدا قسه بكه‌م.»
بۆ نموونه له‌وانه‌یه ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی رۆمانی «من ناوم سووره« بنووسم، ئه‌وه‌بوو هه‌تا ته‌مه‌نی 22 ساڵی ده‌مه‌ویست ببمه وێنه‌كێش به‌ڵام شكستم هێنا.
ده‌ڵێم: «به‌م رۆمانه هه‌وڵم دا رۆمانێك بنووسم ئیلهامی له‌و ناكۆكییه وه‌رگرتبێت كه وێنه‌كێشه‌كه پێشبینی ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه جاریوایه ده‌ستی له‌خۆیه‌وه ره‌سمی ده‌كات.»
پاشان مامۆستا دێته پێشه‌وه: «ئه‌م ناكۆكییه له جیاوازی نێوان رۆماننووس و ئه‌و مامۆستایه ده‌چێت كه ده‌رسی هونه‌ری رۆمان‌نووسین ده‌ڵێته‌وه.» ئه‌م قسه‌وباسه به‌ره‌و بابه‌تێك ده‌چێت «جۆن بێرگه‌ر» كه خۆشی رۆماننووسه، ناوی ناوه «رێگاكانی بینین»، پاشان ده‌گه‌مه دوانه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و میناتۆره ئێرانییه‌كان و هونه‌ر و مێژووی سه‌رده‌می رێنیسانس.
ده‌مه‌ویست رۆمانێكی سیاسی بنووسم
یان له‌وانه‌یه سه‌باره‌ت به یه‌كێكی تر له رۆمانه‌كانم، واته «به‌فر» بڵێم: «وه‌كو فیلی كڵاس، ده‌توانم پێتان بڵێم، هه‌ر شتێك كه بەسەر (كاف)، پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه له دووسه‌د لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تادا دێت، تهقریبەن هه‌مان ئه‌و شتانەیە كه به‌سه‌ر خۆم هاتوون، كاتێك له ساڵی 1999دا سه‌فه‌رم كرد بۆ شاری قارس یانی شوێنی رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه. ده‌مه‌ویست رۆمانێكی سیاسی بنووسم كه یه‌ك نه‌ته‌وه به‌ده‌ستییه‌وه دەناڵێنن، رێك وه‌كو رۆمانه‌كانی گراهام گرین كه له وڵاتانی جیهانی سێهه‌می هه‌ژار و به‌دبه‌خت روودهدەن.»
وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌م له به‌رامبه‌ر ئه‌و كهڵكهڵهیهدا به‌رگری بكه‌م، له كڵاسدا حه‌زم ده‌كرد- ته‌نانه‌ت زیاتریش له خوێندكاره‌كانم كه «رۆمانه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی» نووسیومه وه‌كو باكگراوندێك بۆ بنه‌مای كه‌لتوری و نه‌هامه‌تییه‌كانی توركیا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌راپای جیهانی ئیسلام ببینم. له‌وێوه كه حه‌زم له تیۆر و ئه‌و بواره‌یه كه پێی ده‌وترێت لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌لتوری. جاریوایه له كۆتاییدا سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانی خۆم «تیۆریزه« ده‌كه‌م.
«له‌م په‌ره‌گرافه‌دا، ئامانجی نووسه‌ره‌كه‌ی ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی شه‌قامه‌كان و دوكانه‌كانی ئه‌سته‌مبوڵه«
یان «له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا، له‌و شوێنه‌ی كه ژنان و پیاوان به‌ده‌گمه‌ن پێكه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن مه‌گه‌ر ژن و مێرد بن، كوڕان و كچان، زمانێكی ئه‌ڵته‌رناتیڤ به رێزمانی تایبه‌تی خۆیان دروست ده‌كه‌ن، نیگای بێده‌نگ، گرژ و مۆنی، ساته‌وه‌ختی بێجووڵه‌یی به ئه‌نقه‌ست و پرسیاری مه‌به‌ستدار له‌خۆی ده‌گرێت.» «شیشێک کەبابی ترم بۆ لێنادەیت.» به‌ڵام ده‌بێت چه‌نده جه‌خت له‌سه‌ر مێژووی توركیا و جیاوازی ئه‌سته‌مبوڵ و ئیسلام و سیكۆلاریزم بكه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی لۆجیكی رۆمانه‌كانم بۆ خوێندكاره‌كانم ئاسانتر بێت و تێیبگه‌ن؟ پاش ته‌مه‌نێك خه‌بات له‌دژی فشاره سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب، ته‌رخانكردنی كاتی كڵاس بۆ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان قه‌واره سیاسییه‌كان، له جیاتی ورده‌كاری ئه‌ده‌بی، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ستی خائینێكم هه‌بێت. چ ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی خۆم وه‌كو ده‌رس بڵێمه‌وه یان «ئانا كارنینا»ی تۆڵستۆی یان «خانم دالهوای» ڤیرجینیا وۆڵف یان «سوور و ره‌ش»ی ستاندال. جاریوایه ئه‌و هه‌سته‌م هه‌یه هه‌رچییه‌ك بكه‌م، له راستیدا خه‌ریكه خیانه‌ت له ئه‌ده‌بی راسته‌قینه ده‌كه‌م، ئه‌و هه‌سته‌ی وه‌كو جۆرێك له ئازاری دڵ له‌گه‌ڵمدا ده‌مێنێته‌وه.
دە ساڵە دەرس دەڵێمەوە
ده ساڵ ئه‌زموونی ده‌رس وتنه‌وه ئه‌وه‌ی نیشان داوم باشترین رێگا بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌م په‌رێشانی و ناكۆكیانه، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له تیۆر و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دووباره كه‌شفكردنی ئاڵۆزییه‌كانی ده‌قه له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كاندا، ئیتر قسه و باسه‌كه له‌باره‌ی ده‌قی خۆمه‌وه بێت یان له‌باره‌ی ده‌قی كه‌سانیتره‌وه. به‌م پێیه له سه‌ره‌تای هه‌ر كڵاسێكدا، كاتێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌و لاپه‌ڕانه ته‌رخان ده‌كه‌م كه بۆ ئه‌و رۆژه ده‌ستنیشانم كردوون.
ده‌ڵێم «وه‌رن ئه‌وه‌ی لێره‌دا روویداوه شیبكه‌ینه‌وه.» «بۆچی پێتان وایه (كاف) بڕیاری یه‌كتربینین له ئوتێل ئاسیا داده‌نێت؟» «له‌م به‌شه‌دا ده‌بێت سه‌باره‌ت به كام رووداوه گرنگانە قسه و باس بكه‌ین کە وەکو کلیل وان؟» «پێتان وایه كه‌شوهه‌وای زاڵ له‌م لاپه‌ڕانه‌دا چییه؟»
ره‌گی ده‌سه‌ڵاتخوازی له مندا هه‌یه
وه‌كو زۆربه‌ی پیاوانی خوێنده‌واری توركیا له چینی ناوه‌نده‌وه بۆ سه‌ره‌وه، ره‌گی ده‌سه‌ڵاتخوازی له مندا هه‌یه، هه‌رچه‌نده چێژ له ده‌رس وتنه‌وه له رێگه‌ی گفتوگۆوه ده‌بینم، هه‌میشه توانای ئه‌وه‌م نییه له به‌رامبه‌ر رێك و راست گوتنی «راستییه‌كاندا» سه‌باره‌ت به رۆمانه‌كانم به‌ربه‌ره‌كانێ بكه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بم كاتێك خوێندكارێك شتە سەیرەکانی رۆمانێكمم پێده‌ڵێت كه ساڵه‌ها پێشتر نووسیومه و نازانم ئایا ته‌نانه‌ت مه‌به‌ستم بووه هیچ كام له‌وانه بڵێم یان نا.
هه‌ر كاتێك كه تیۆر و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به قازانجی «خوێندنه‌وه‌ی وردی» رۆمانه‌كان ده‌خه‌مه لاوه و به‌دوای ناسكی و جوانی و به‌راوردی ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كاندا ده‌گه‌ڕێم، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م چه‌ند له كتێبه‌كانی خۆمم له‌بیرچۆته‌وه. رۆژێكیان رێك پێش ده‌ستپێكردنی ده‌رس، خوێندكارێك منی بینی له ده‌ره‌وه‌ی كڵاس، هه‌وڵم ده‌دا شێتانه به‌ناو به‌فره‌كه‌دا تێپه‌ڕم. به‌گاڵته‌وه وتی: «كاتێك زه‌حمه‌تی خوێندنه‌وه نه‌ده‌یته به‌ر خۆت، ئه‌وه رووده‌دات.»
ئه‌م خوێندكاره ئه‌و نیگا شاد و شه‌یتانییه‌ی به‌لاوه بوو كه جاریوایه له روخساری خوێندكاران‌دا ده‌یبینم، ئه‌و كاته‌ی چه‌ند شتێكی بچووك له رۆمانه‌كانمدا كه‌شف ده‌كه‌ن كه ته‌نانه‌ت خۆشم هه‌ستم پێنه‌كردوون، یان كاتێك دژی شتێكن كه ده‌ڵێم لۆجیكی رۆمانه و ئاماژه بۆ گۆڕانكاری و ته‌مومژه‌كان ده‌كه‌ن. به‌ڵام دوای ساڵه‌ها ده‌رس وتنه‌وه سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانم، خوێندكاره‌كانم فێری ئه‌وه‌یان كردووم، هه‌ر كاتێ ئه‌و نیگایه له روخساریاندا ده‌بینم، ئه‌و خه‌یاڵه ئارام بهخشهم هه‌بێت: «له‌وانه‌یه ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یان به‌لاوه باشتر بێت له جیاتی مامۆستا، فیلێك له كڵاسهكهدا بێت.»
سەرچاوە : کوردستانی نوێ