دەچین بۆ بەهەشت یان دەمانبەن؟

رێبین ئەحمەد رەشید

گەر قەرارە باوەڕمان بە بەهەشتێك هەبێت ئەوا نابێت لێرە بۆی بگەڕێین، بەهەشت نە لێرەیە نە لێرەش شیمانەی دروستبوونی هەیە، كەرەستەكانی ئێرە كەرەستەی بەهەشتی نین، بە قوڕی  نەمان و تاوان و لەبیرچوونەوە شێلراون، ئێرە بوونێكی ئالودەیە بە نەخۆشی و ناخۆشی و گوناه، قوڕی یەكەمین گوناه هەمان ئەو قوڕەیە كە ئادەمی پێشێلرا و بۆ ئێمە درێژ بوویەوە، هەرچەندە مەسیحییەكان پێیان وایە لەخاچدرانی عیسا بۆ سڕینەوەی ئەو گوناهە بوو كە ئادەم كردی بەڵام ئەمە هیچ لە ویستی ئێمە بۆ گوناهكردن كەمناكاتەوە. لە تێرمینۆلۆژی دینییشدا گرنگترین خاسیەتی بەهەشت ئەوەیە ناخۆشی و تاوان و قسەی بەرز و نزمی تێدا نابێت، هەمیشەیی و بێ خەوشە. ئەوەشی پێدەگوترێت پردی سیرات گەر حەقیقەتێكی هەبێت "هیچ ئاماژەیەك لەقورئاندا بۆ بوونی ئەم پردە نییە" ئەوە دونیا و ژیانەكەی دونیا هەمان ئەو پردی سیراتەن،  كە مرۆڤ بەسەریدا بۆ بەهەشت لێیەوە دەپەڕێتەوە. دەبێ لێرە بۆ سیرات بگەڕێین نەك لەوێ. ئەوەی تێیدا مایەوە و نەیتوانی بپەڕێتەوە ئەوا لەنێۆ دۆزەخدا ماوەتەوە. ئەوەشی تێیدا نەمایەوە، هەوڵی نەدا بیكاتە بەهەشت، وەك ماڵی هەمیشەیی لێی نەڕوانی "كن في الدنيا كانك غريب او عابر السبيل"، خوایەتی نەكرد بەسەر ماف و ئازادییە كەسییەكانی ئەوانی دیكەوە "اختذو احبارهم و رهبانهم اربابا من دون الله"، دەستگاكانی نەهی لەمونكەر و ئەمر بەمەعروفی نەكرد بە جەللاد بەسەر خەڵكەوە، ڕاگوزەرانە وەك غەریبێك لە خۆی و ئەهلەكەی ڕوانی، وەك ئەوەی خۆی هەیە قەبوڵیكرد نەك وەك ئەوەی ئایدۆلۆژیاكەی دەیەوێت، ئەوا بە خێرایی ڕووناكی سیرات تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئەوبەری.

ئەوانەی پێیان وایە لە ڕێگای نەهی لەمونكەرە شەخسییەكان، سنورداركردنی ئازادییە كەسییەكان، چاونوقاندن لە ناعەدالەتی و زوڵمی زاڵمان و فول لێدان بۆ ماچی دوهەرزەكارەوە دەتوانن دونیایەكی پەمەییمان بۆ دروستكەن كە تێیدا مەڕ و گورگ پێكەوە ئاو بخۆنەوە، ئەوانەی مافی گشتی نادیدەدەگرن بەڵام لەسەر مافە كەسییەكان فوو بە شەیپوری هەڵگیرساندنی  جەنگی خەیبەردا دەكەن و پێیان وایە بە ئازادبوونی تاك دین دەكەوێتە مەترسییەوە دەبێت بزانن جگە لە هێنانە خوارەوە و قانگدانی دۆزەخێك زیاتریان پێ ناكرێت. گەر بە شێوەیەكی ڕاگوزەریش لەڕێگای عاتیفە و ئاگر و ئاسنەوە شتێكی وایان سەررێ خست، لە درێژ مەودادا هەر مەحكوم دەبن بە نەمان،تەماشای ئێران بكەن.

ئەزموونی مرۆڤانەی مرۆڤ نیشانی داوە ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بكەنە بەهەشت، خراپەكاری لە دونیادا نەهێڵن، پێیان وایە زۆری تاوانی مرۆڤ دەبێتە هۆكاری ڕوودانی ڕووداوی سروشتی و غەزەبی خوا بۆیە لەڕێگەی دەستگا سەركوتكەرەكانیانەوە دەكەونە قەڵاچۆكردنی "تاوانە" زاهیریی و كەسییەكان، دەبێت بزانن بەم كارانەیان دۆزەخێكی داختر لەو دۆزەخەی كە ئێستا تێیدان بۆ مرۆڤایەتی داخ دەكەن. "ئەوەی هەوڵی دابەزاندنی بەهەشێتك بۆ دونیا دەدات پێ بزانێت یا نەزانێت دۆزەخێكی خراپتر لەوەی هەیە دەخوڵقێنێت".

 

سەرچاوە: دابڕان