دیمانە لەگەڵ هۆزان مەحمود دەربارەی کتێبی چیرۆکەکانی ژنانی کورد

 

ئەم دیمانەیە لەلایەن پەیمانگای کوردی واشنتن ئەنجام دراوە لەگەڵ هۆزان مەحمودی نووسەر. هۆزان نووسەر، فێمێنیست و چالاکوانە. ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی (کولتوور پرۆجێکت)ـە کە گۆڤارێکی چاپکراو و سەرهێڵییە. هەروەها بۆ هەریەک لە پێگە میدیایی و ڕۆژنامەوانییەکانی وەک زە گاردیەن، ئۆپن دیموکراسی، ئیندێپێندەنت و نیو ستەیتمنت نووسینی هەبوو.

لەم دیمانەیەدا هۆزان باس لە کتێبێکی دەکات بە ناوی “چیرۆکەکانی ژنانی کورد” کە دەربارەی ژیان و کارکردن و بەربەستەکانی بەردەم ژنەکانی ناو کوردستانە.

ماسیو: چی وای لێکردیت بڕیار بدەیت کە کتێبەکەت لەم کاتە دیاریکراوەدا بڵاوبکەیتەوە؟

هۆزان: من ژنێکی کورد. هەربۆیە بە هەمان شێوەی ژنە کوردەکانی تر، ڕووبەڕووی چەندین شتی جیاواز بوومەتەوە. ئەوەی کە بەسەر ژنی کورد دێت بە شێوەی جیاواز کاری لەسەر کراوە، بۆ نموونە چەندین ڕاپۆرت، وتار و دۆکیومێنتاری ئەنجامدراوە. بەڵام هێشتا ئەو کارانە بەس نین بۆ دەرخستنی هەموو کێشەکان و بەتایبەت ئەوەی کە ژنانی کورد کێن و پێویستە کاری زیاتر ئەنجام بدرێت. پێشم وایە کە چەندین کە سەرەڕای هەبوونی ئەو کارانەی کە تا ئێستا ئەنجامدراون، هێشتا بابەتی ژنی کورد لێکۆڵینەوەی کەمی لەسەر کراوە و بەو شێوەیە دەرنەخراون کە خۆیان لە ڕاستیدا هەن. ئەمانە وایان لێکردم کە بمەوێت هانی ژنانی کورد بدەم، خۆیان لەسەر خۆیان بنووسن و خۆیان گێڕەرەوەی چیرۆکەکانی خۆیان بن. ئەو چیرۆکانەی کە کە لەسەر دوورخستنەوەیان، بەندکردنیان، چالاکییە سیاسییەکانیان، چالاکییە نهێنییەکانیان، شەڕکردنیان بە چەکەوە، خۆشەویستیکردنیان، لەدەستدانی کەسە نزیکەکانیان، پەیوەندیان لەگەڵ شیعر و هونەر و ئەدەبیاتەوە. هەروەها پەیوەندیان بە جینۆسایدەکان و ئەو سیاسەتە دژانەی کە حکومەتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە بەرامبەریاندا بەکاری دەهێنن. هەموو ئەمانە وایان لێکردم کە پێم باشبێت ژنانی کورد خۆیان بدوێن لە کێشەکانی خۆیان. بۆیە لەناو کتێبەکەدا وتەی ٢٥ ژنی جیاواز وەرگیراوە کە هەر یەکەیان چیرۆکێکی خۆی هەیە و کتێبەکەیش کۆکراوەی هەموو چیرۆکەکانە.

ماسیو: بۆچی لەلات گرینگ بوو کە چیرۆکەکان لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانەوە وەربگریت و تەنها لە یەک پارچەدا نەمێنیتەوە؟

هۆزان: بۆ من تەنها یەک کوردستان بوونی هەیە. ئەو پارچە جیاوازانە و ئەو دابەشکاریەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە بۆمان دروستکراوە لە ئەنجامی کۆلۆنیالیزەشنی دەوڵەتانەوە، چەندین کێشەی جیاوازی بۆمان دروستکردووە. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە دەوڵەتی ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستانی سووریا و عێراق. ئێمە دەمانەوێت کە هەموو سنوورە دەستکردەکان تێک بشکێنین. دەمانەوێت کە بە چیرۆکەکانمان بیسەلمێنین کە کێین و چۆن ڕووبەڕووی بەربەستەکانی بەردەممان دەبینەوە و شەڕ بۆ مافەکانمان دەکەین، جا لە هەر شوێنێک بین.

ماسیو: کۆکردنەوەی هەموو چیرۆکەکان چەندێک بۆ تۆ قورس بوو؟ چونکە کتێبەکە چیرۆکی زۆری تیایە و هەر یەکەیشیان لە شوێن و پارچەیەکی جیاوازی کوردستانن، من دڵنیام کە ڕێگری زۆرت بۆ دروستبووە کە ئەم هەموو چیرۆکە لەو شوێنە جیاوازنەوە کۆبکەیتەوە. بۆیە تا چەند قورس بوو؟

هۆزان: لە سەرەتادا زۆر قورس بوو، چونکە وا بیرم دەکردەوە کە ژنانی کورد ئامادە نین چیرۆکە تایبەتەکانی خۆیان بە ئاسانی بدەن بەدەستەوە. بۆ نموونە من خۆیشم قەت وا بیرم نەدەکردەوە کە ڕۆژێک دێم و لەسەر خۆم دەنووسم، بەڵام دواتر هاتم و لەسەر کۆمەڵێک بابەت و ڕووداوی تری ناو وڵاتەکەم دەستم کرد بە نووسین. ئەمە یارمەتی دام کە بتوانم لەسەر خۆیشم بنووسم و هانی دام کە کارەکە بکەم. جگە لەوەیش، پڕۆسەکە تەنها منی تێدا نەبووم و کۆمەڵێک وەرگێر و چالاکوانم لەگەڵ بوو کە هاوشانی من و بەشێوەیەکی ماندوونەناسانە کاریان لەگەڵ کردم بۆ کۆکردنەوەی چیرۆکەکان. دواتر کارەکان ئاسانتریش بوون، چونکە دەمانزانی کە ئەو کارەی خەریکین دەیکەین، چەندێک پێویست و گرینگە. لە دەرئەنجامدا ئەو ژنانەیشی کە چیرۆکەکانی خۆیانیان دەداینێ، زۆر دڵخۆش دەبوون بە پێدانی چیرۆکەکانیان. چونکە ئەوە دەرفەتێک بوو کە چیرۆکەکانیان نەک تەنها بە کوردی، بەڵکو بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبێتەوە.

ماسیو: کاتێک کە بارودۆخ ژنانی ئەم سەردەمەی کورد بەراورد ئەکەیت بە ژنانەی سەردەمە کۆنەکان، هەست دەکەیت چ گۆڕانکارییەک ڕوویداوە یاخود چ هاوشێوەییەک هەیە لە نێوانیاندا؟ بەتایبەت لە ڕووی هەبوونی مافەکانی تایبەت بە ژن و مافەکانی وەک کوردێکیش؟

هۆزان: ئەو چەپاندن و دژایەتیانەی کە لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانەوە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە یاخود ئەو جینۆسایدانەی کە ئەنجام دەدرێن، بەردەوام هەن. چونکە بەداخەوە مرۆڤی کورد و ژنیش وەک بەشێک لە مرۆڤی کورد بەردەوام مەترسی ئەوەی لەسەرەوە کە جینۆساید بکرێت یاخود بچەوسێنرێتەوە. یاخود تەنانەت جینۆسایدی کولتووریشی لەگەڵدا بکرێت. بۆ نموونە لە ناوچەکانی تورکیا و ئێران و سووریایش تا پێش چەند ساڵێک، کە چۆن ڕێگری بەردەوام دەکرێت لەوەی کە ژنان بەپێی کولتووری خۆیان بژین و بە زمانی خۆیان بدوێن. تەنانەت لە باشووری کوردستانیش کە کوردستانی عێراق دەکات، ئێمە هەمان کێشەمان هەبووە و ناچاربووین کە لە کات و سەردەمێکی دیاریکراودا بجەنگین بۆ ئەوەی کە بە زمانی خۆمان بدوێین. ئەم کێشانە هەر هەبوون و تا ئێستایش بە جۆرێک بەردەوامن. بەڵام هەندێک شت هەن کە دەکرێت بڵێین وەک جاران نەماون و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و بەجۆرێک کراونەتەوە. هەروەها کوردستانی باشووریش لە ئێستادا لە دۆخێکدایە کە دەرفەتی چاکسازی هەیە و تەنانەت دەرفەتی ئەوەی هەیە کە بەشدار بێت لە چاکسازی پارچەکانی تریشدا.

لە ڕووی هۆشیاریشەوە، دەبێت بڵێم کە ژنانی کورد لە ئێستادا زۆر جیاوازن لە ژنانەی پێش خۆیان. ئەوان لە ئێستادا دەتوانن فێری خوێندن و نووسین ببن و بخوێنن، هەروەها ببن بە خاوەنی کار و سەرمایەی خۆیان کە لە پێشتردا ئەمە کارێکی زۆر سەخت بوو بۆیان. هەروەها لە ڕووی کرانەوەیشمان بەڕووی جیهاندا، چونکە لە پێستردا هیچ ڕێگایەکی باش نەبوو بۆ ئەوەی کە ژنانی کورد چیرۆکەکانی خۆیان بە دەرەوە بگەیەنن، بەپێچەوانەی ئێستاوە کە ئەو توانەیەیان هەیە. بێگومانیش دەبێت ئاماژە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بکەین کە کاریگەرییەکی چەند ئەرێنی لەسەر ئەم پرسە هەبووە و چۆن وایکردووە کە ژنانەی کورد بتوانن بە ئاسانی دەنگی خۆیان بگوازنەوە لەو کاتانەی کە مافەکانیان لێدەسەنرێتەوە. بۆیە دەکرێت بڵێین کە لەو ڕووانەوە گۆڕاناری دروستبووە. بەڵام بەداخەوە هێشتا کوشتن، بەندکردن، جینۆساید، جەنگ و شەڕی بەردەوام هێشتا بوونیان هەیە و هێشتا مەترسین لەسەر ژیانی ژنانی کورد.

ماسیو: پێت وایە کە دۆخی ژنان لەنا وهەموو ئەو وڵاتە جیاوازانە وەک یەکە کە کوردی تیا نیشتەجێیە؟ یاخود بەپێی شوێن و وڵاتەکەیش، دۆخی ژنەکان دەگۆڕدرێت؟

هۆزان: پێم وابێت بەپێی شوێنە جیاوازەکان، بارودۆخەکەیش دەگۆڕدرێت. پێشتریش وتوومە و لەناو کتێبەکەیشدا ئاماژەم پێداوە کە ئەم جیاوازییە هەیە نەک لەبەر ئەوەی کە ئێمەی ژنی کورد خۆمان جیاوازین لە یەکتری، بەڵکو لەبەر ئەو بارودۆخە جیاوازانەی کە وڵاتەکان و دۆخی سیاسی وڵاتەکان هەیە. بۆیە ژیانکردن لەژێر سایەی ئەم ڕژێمە جیاوازانەدا، جیاوازی دروست دەکات. بۆ نموونە لە ڕۆژاڤا پێشتر ناچاربوون کە لەگەڵ چەکدارانی داعشدا بجەنگن. ئێستایش ناچارن کە ڕووبەڕووی جینۆسایدەکانی تورکیا ببنەوە و لە کوردستانی عێراقیش، چەندین کێشەی جیاوازتر بوونیان هەیە. ئەوە جگە لەوەی کە لە ڕۆژهەڵات و باکوور حکومەتی وڵاتەکان چ مامەڵەیەکی توندیان بەرامبەر بە کوردەکان هەیە و چۆن دەیانچەوسێننەوە. هەر بۆیە هەر پارچەیە و کێشەیەکی تایبەتی خۆی هەیە لەگەڵ حکومەت و داگیرکەرەکانیدا. بەڵام دەتوانین بڵێین کە بە گشتی ژنانەی کورد لە هەموو پارچەکانەوە ئاگایان لەوە هەیە کە چۆن دەچەوسێنرێنەوە و ئامادەیی ئەوەیشیان تێدایە کە یارمەتی یەکتری بدەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو چەوساندنەوە و کێشانە. ئەم کتێبەیش هەر هەوڵی ئەوەیە کە دەریبخات چۆن ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەکەوە دەنگی لەگەڵ یاکتری یەک دەخەن و پێکەوە کاردەکەن. وە دەریشی دەخەن کە لە هەر شوێنێک بن گرینگ نییە و ئەوان هەر ژنی کوردن و چیرۆکەکانیشیان هاوشێوەن و پێویستییان بە یەکتری هەیە.

ماسیو: بەپێی ئەو ئەزموونەی کە من لەناو کوردستاندا هەمە، ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کە ژنانی کورد و بەتایبەت ژنانی ڕۆژاڤا بە هەمان شێوەی ژنانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێگا ناگرنەبەر بەرەو فێمێنیزم. بەڕای تۆ ئەو جیاوازییە چییە کە لە نێوان فێمێنزیمی کوردی و فێمێنیزمی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا هەیە بەتایبەت لە پەیوەند بە شۆڕشی ژنانی کورد لە ڕۆژاڤا؟

هۆزان: بەڕای من شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤا زۆر تایبەت و دانسقەیە و زۆریش پێویستە. چونکە ئەو شۆڕشە چەند توخمێکی شۆڕشگێرانەی تێدایە کە وادەکەن ژنان بتوانن بەهۆیانەوە جێی خۆیان لە سەنتەری دەسەڵاتدا بکەنەوە. چونکە نەک تەنها لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەڵکو لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەو کێشەیە هەیە کە ژنان نەتوانن بە ئاسانی جێی خۆیان لە دەسەڵاتدا بکەنەوە. بەشێکی ئەم کێشانە پەیوەستە بە نیو لیبرالیزمەوە و بەشێکی دیکەیشی دەکرێت پەیوەست بێت بە کێشەی ڕێکخراوەکانەوە. کێشەی ڕێکخراوەکان بە گشتی و بە تایبەت ڕێکخراوە بچووکەکان ئەو کاتە دروست دەبێت کە داهاتی ڕێکخراوەکە سنوورداربێت، ئەو سنوورداریە وا دەکات کە سەرنجی ڕێکخراوەکە لەسەر هەندێک بەها و بابەت نەمێنێت و خۆیا تەواو پەیوەست بکەن بەو پڕۆگرامەی کە ڕێکخراوەکە پێویستە کاری لەسەر بکات و فەندی بۆ وەرگرتووە. ئەمەیش دووریان دەخاتەوە لە کێشە ڕۆژانەییەکانی ژنان. لە کاتێکدا کە کێشەکانی ژن کێشەی سیاسین و دەبێت لە ڕێگای سیاسەتەوە و لە ئاستێکی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت. چارەسەری ئەم کێشانەیش بەم جۆرە لە دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەدا نامێنێتەوە لە کاتێکدا کە ڕێکخراوەکە تەنها فەند بۆ پڕۆژەی دیاریکراو وەردەگرێت کە زۆرجار کۆمەڵێک پڕۆژەن کە هیچ پەیوەندیان بە پەیڕەو و ڕێبازی ڕێکخراوەکەوە نییە. بەڕای من پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین کە کێشەی ژن بە سیاسی بکەینەوە و بیکەینە ناو سەنتەری سیاسەتەوە. وە هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی مافی ژنان بە ئاکتی شۆڕشگێڕانەی سیاسی بناسێنین، لە جیاتی ئەوەی کە تەنها لەناو ئۆفیسە بچووکەکاندا ئەم کارە بکەین کە دواجار بەهۆی ئاڵۆزی و فرە ئاستی سیستەمی بەڕێوەبردنەوە هیچ کاریگەرییەکی نامێنێت و کێشەکانی ژن چارەسەر ناکات. ئەمە ڕای منە.

ماسیو: هەندێکجار دەگوترێت کە دوژمنی گەورەی کورد ئەو دابەشکارییە کە لەناو خوودی خۆیاندا بوونی هەیە. وە لە زۆرینەی چیرۆکەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکرێت کە چۆن ناوچە جیاوازەکانیان و بیروبۆچوونە جیاوازەکانیان وایکردووە کە دابەش ببن لەناو خۆیاندا. بەڕای تۆ کوردەکان چۆن دەتوانن یەک بگرن و پێکەوە خەبات بکەن بەبێ ئەوەی کە خەڵکی باشوور بن یان باکوور هتد، دابەشیان بکات و ڕێگر بێت لەوەی کە دژی ڕژێمە ستەمکارەکان بجەنگن؟

هۆزان: بەڕای من بەشێک لەو دابەشکارییانە لەجیاتی ئەوەی کە تەنها هۆکاری ناوەکی دروستی کردبێتن، هۆکاری دەرەکی دروستی کردوون و دەستی دەرەکی ڕۆڵی هەبووە لە دروستبوونی جیاکارییەکە. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و زۆرینەی کوردەکانیش ئەمەیان بەدڵ نییە. بەڵام هۆکاری ناوخۆیش بەردەوام هەن، بۆ نموونە پارتە سیاسییەکانیش ڕۆڵی گەورەیان هەیە لەم جیابوونەوە و دووبەرەکیەدا و هەر پارتێک بۆ بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆی، ئامادەیە کە دووبەرەکی لەناو خەڵکدا دروست بکات. دەربارەی هۆکارە دەرەکیەکانیش، هەندێک جار لە دەرەوەی کوردستانەوە ئەم جیاکارییە لەناو خەڵکی کوردا دروست دەبێت و ژنانیش کاریگەری ئەمەیان لەسەر دەبێت. هەر بۆیە ئەرکی هەر مرۆڤ و ژنێکی کوردە کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە لە دروستکردنی جیاکاریانە بوەستێتەوە.

ماسیو: تۆ لەناو کتێبەکەدا، قسەت لەگەڵ چەندین ئافرەتی تەمەن جیاواز کردووە. بۆ نموونە لە ڕۆژاڤا ژنانی تەمەن جیاواز هەموو پێکەوە بەشدارن لە شۆڕشدا و لە پارچەکانی تریش، ژنانی تەمەن جیاواز خەریکی کار و چالاکی سیاسی جیاوازن. پێت وایە کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان جیلە جیاوازەکانی ژنی کوردا بەپێی بارودۆخی سیاسی ناو ژیانیان دروست بووبێت؟ بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژاڤا یان بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی باشووریان نەکردووە، وا هەست دەکەیت کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ژنەکاندا دروست بکات؟

هۆزان: پێم وایە کە جیاوازی هەیە. بۆ نموونە ژنێک ٧٠ ساڵ پێش ئیستا لەدایک بووبێت، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ژنێک کە ٢٠ یان ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لەدایک بووبێت. ئەوە ڕاستە کە لێکچوونێک و دووبارە بوونەوەیەکی زۆر هەیە. هەر لەناو کتێبەکەی مندا چەند تێمایەک هەن کە لە سەرەتاکانەوە تا کۆتایی بەردەوام دەبن لەنێوان هەموو جیلە جیاوازەکانی ژندا. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە جەنگ، شەڕ و پیاوسالاری دروستی دەکەن. بۆیە بەڵێ جیاوازی هەیە لە نێوان جیل و تەمەنە جیاوازەکاندا، لەپاڵ چەندین لێکچوونیش. ئەگەر سەرنج بدەیت ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە چۆن ژنەکانی جیلی ئێستا ئاگاییەکی زیاتریان هەیە لەسەر ئەو ستەمەی کە بەرامبەریان دەکرێت، لە چاو جیلە کۆنەکاندا. وە زانیاری ئەوەیشیان هەیە کە پێویستە چۆن ڕووبەڕووی ئەو ستەمە و بەتایبەت پیاوسالاری ببنەوە. لە کاتێکدا کە جیلە کۆنەکان بەم جۆرە نین. لەوانەیە هۆکاری سەرەکیش ئەو دۆخە سیاسییە بووبێت کە پیایدا تێپەڕیون و ناچاری کردوون کە دەرفەتی هۆشیارکردنەوەی خۆیان نەبێت. بەتایبەت کە بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان و کەسە نزیکەکانیان هەبووە، بۆیە تاکە کار کە پێیان ئەنجام درابێت ئەوە بووە کە بە زیندوویی بمێننەوە، لەجیاتی ئەوەی کە دژی هەموو ستەم و چەواشەکارییەکان بوەستنەوە. بەڵام خۆ لە ئێستایشدا چەندین کچی گەنجی ڕۆژاڤایی هەن کە دەربارەی هێرشەکانی داعش و تورکیا دەنووسن. کەواتە دەبێت ئەوە بزانین کە کە کێشەکانی جەنگ و داگیرکاری بەردەوام هەبوون و تا ئێستایش هەر ماون و ژنانی کورد ئەزموونی دەکەن.

دیمانەساز: ماسیو مارگالا

وەرگێڕانی: ژیر دانا

سەرچاوە azadbun

لەئێستا نیوزە وەرگیراوە