خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی سایکۆلۆجییەتی جەماوەر.گوستاڤ لۆبۆن.

 

 

خالید مەجید فەرەج

خالید مەجید فەرەج 

 

پزیشکێک کە بڕوانامەی دکتۆرای هەیە و لە زانکۆ لەسەر پەیڕەوی زانستی کار دەکات و وانە بە خوێندکارەکانی دەڵێتەوە، دەبینیت لە فەیسبووک پۆستی لەم جۆرانە بڵاو دەکاتەوە، چۆلەکەیەک بە موعجیزە سەری پشیلەی هەیە.
ئەوەی وا دەکات کە کەسێکی ئەکادیمی عەقڵی لەبار و دۆخێکی تایبەتدا لە کار بکەوێت، کاتێک کە وەکوو تاک دەچێتە ناو کۆمەڵگەکەوە، یان ڕاستتر دەبێت بە بەشێک لە کۆمەڵگەکە، ئەویش وەکوو ئەوان و خورافە بڵاو بکاتەوە و خۆشی باوەڕی پێ بکات. ئەو حاڵەتەیە کە پێی دەڵێن تواندنەوەی عەقڵی تاک لەناو کۆمەڵگەدا، واتا عەقڵە جەمعیەکە دەچێتە شوێنی عەقڵی خۆی. ڕێک هەر وەکوو پێکهاتە کیمیاوییەکە کاتێک تێکەڵی چەند توخمێکی دیکەی دەکرێت، سیفاتەکانی خۆی لەدەست دەدات و پێکەوە لەگەڵ ئەوانی دیکە دەبن بە شتێکی دیکە.
زیرەکی تاک لەناو کۆمەڵگەدا لە کار دەکەوێت، ئەگەر بەتەنیا لە دەرەوەی کۆمەڵ سەیری شتەکان بکەن ناعەقڵانییەکان دەبینن، بەڵام وەک جەماوەر هەمان نا عەقڵانی نابینن و وا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن هەر وەکوو ئەوە هەقیقەت و واقیع بێت.
لەڕووی بیرکردنەوە و عەقڵییەوە جەماوەر وەک منداڵێکی بچووکی ساویلکە و خۆش باوەڕ وایە خێرا باوەڕ دەکات و دەتوانرێت یاری بەسۆز و عاتیفەی بکرێت جا ئەگەر بە خێر بێت یان بە شەڕ. دەتوانیت هانی بدەیت و بیجووڵێنیت. هەر کە تاک تێکەڵی ناو کۆمەڵ بوو، دەچێتە ژێر باری جەماوەرەوە و شتانێکی لێ دەردەکەوێت کە پێشتر وەکوو تاک لێی نەبینراوە، واتا وەکوو ئەوان هەڵسوو کەوت و بیر دەکاتەوە. ڕەنگە ئەو کەسە وەکوو تاک دز بێت ڕەنگە جەماوەر واتا عەقڵە جەمعیەکەی جەماوەر دەست پاکی بەسەردا بسەپێنێت، یاخود بە پێچەوانە کەسێک بێت حەزی لە ئیش کردن بێت، جەماوەر تەمبەڵی و خۆ لە ئیش دزینەوەی لا شیرین بکات. لەوانەیە خراپترین جۆرەکانی وەحشەتگەری بەکار بهێنن، دەبینین جەماوەرێک دوای کچێک کەوتوون و تەحەروشی پێ دەکەن بەتایبەتیش ئەگەر هاوچەشن نەبوون، چونکە کەسیان هەست بەو بەرپرسیارێتییە ناکەن کە پێکەوە کردوویانە. بەڵام هەریەک لە وانە مەحاڵە ئەگەر بەتەنیا بێت ئەوە بکات. چونکە هەڵسوو کەوتی تاک بەتەنیا دەیخاتە بەر لێپرسینەوەی ویژدانی خۆی و دواتر چاوی جەماوەر، بەڵام لە حاڵەتی تێکەڵ بوونی لەگەڵ جەماوەردا ئەوە نامێنێت.
لەدوای هەر یارییەک ئەگەر کێشەیەک ڕوویدا و گوترا خەتای فڵانە کەس بووە دەبینیت جەماوەرەکە هەمووی پەلاماری دەدات بەبێ ئەوەی کەس بیر لەوە بکاتەوە ئایا ڕاستە ئەو خەتا بارە یان نا. دەبینیت ئەمڕۆ چەپڵە بۆ تیپەکەی لێ دەدا و گۆرانی بۆ دەڵێت بەیانی تەماتەی تێ دەگرێت.
مەزاجی میللی بەردەوام لە گۆڕانی سەد و هەشتا پلەی کوتوپڕدایە قسەیەک دەیهێنێت و قسەیەک دەیبات. ناتوانێت بەبێ وەهم بژی, ئەگەر کەسێک ڕاستییەکانیان پێ بڵێت, بەڵام تاڵ بێت بێتاقەتیان دەکات و باوەڕی پێ ناکەن و ڕوو بەرەو لای ئەو کەسە وەردەگێڕن کە درۆی شیرینیان لەگەڵ دەکات، دژایەتی کەسی یەکەم دەکەن و پشتیوانی لە کەسی دووەم،، واتا درۆزنەکە دەکەن. بۆ نموونە دوو کەس کاندیدن بۆ سەرۆکایەتی، یەکەم بە مەنتیق قسەیان لەگەڵ دەکات و دەڵێت دەتوانین ئەوە و ئەوە تان بۆ بکەین، واتا ئەوەی لە تواناماندایە ئەم شتانەیە، بەڵام دووەم دەڵێت: ئێمە زۆرترین و گەورەترین توانا و مەزنترین گەلمان هەیە. دەبینیت جەماوەر ئەوەی دووەمیانی پێ باشترە، چونکە ختوکەی عاتیفە و عەقڵیان دەدات ئەو وشانە بەکار دەهێنێت کە تێگەیشتن لە ماناکانیان لەلایەن جەماوەرەوە قورسە و گەورەترین کاریگەری لەسەر هەست و سۆزیان هەیە وەکوو دیموکراسی و سۆسیالیزم و ئازادی و کەرامەت سەربەخۆیی خوێنی شەهیدان مووچەی کابانی ماڵ، ئەم وشەو دەستەواژانە وا لە جەماوەر دەکات قەناعەت بهێنێت کە ئەو کاندیدە یان ئەو حیزبە هێزێکی سیحری هەیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئەو بەڵێنانەی. بۆیە دەبینیت کاندید بۆ ئەوەی قەناعەت بە جەماوەر بکات لەبری جەخت لەسەر عەقڵ و مەنتیق بکاتەوە جەخت لە سۆز و عاتیفە دەکاتەوە، چونکە جەماوەر پێویستی بەوە هەیە کە کەسێک خۆی وا پیشان بدات هاوسۆز و هاو ئاواتیانە بەوەش دەتوانێت کار بکاتە سەر سۆز خەیاڵیان بەو شتەی کە خۆی دەیەوێت بیانبەستێتەوە، تەنانەت ئەگەر گوتارەکەشی هیچ مەنتیقێکی تێدا نەبوو، گرنگ ئەوەیە ئەوەی کە دەیڵێیت بە شێوەیەکی شیرین بیڵێیت و ئاراستەی عاتیفەیان بێت و دوور بێت لە مەنتیقەوە. بۆ نموونە کاتێک ناپلیۆن هاتە میسر وەک موسڵمانێک خۆی پیشان دا، چووە ئیتالیا گوتی من کاسۆلیکم و ئەگەریش بچووایەتە ناو جووەکانەوە دەیگوت من موساییم و هەوڵ دەدەم پەرستگای سولەیمان سەرلەنوێ دروست بکەمەوە.
کاتێک کە تاک وەکوو تاک بیر دەکاتەوە عەقڵە هوشیارەکەی دەکات بەحەکەم و بڕوا بە وانە ناکات و بە شێوەیەکی عەقڵانی دەتوانێت حوکم بدات، بەپێچەوانەی جەماوەرەوە کە سۆز واتا عاتیفە سەرتاپای داگیر کردووە و دوای ئەوی دیکە یان ئەوانی دیکە دەکەوێت لە هەمان ئەو شتانەدا کە عەقڵی هۆشیاری تاک ڕەتی دەکاتەوە.
گۆڕانکارییە گەورەکان ئەگەر بە یەک پاکێج کران، واتا سەر لەبەری وەزع و بیرکردنەوە هەڵبوەشێنرێتەوە تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵکیش بێت دەبێت بە هۆی هەڵایسانی بەرەنگارییەکی وەحشیانە لەدژی گۆڕان خوازەکە، بەڵام بە بەدیهێنانی گۆڕانکاری بە شێوەی پلە بە پلە و لەسەر خۆ ئەو کاردانەوەیە دروست ناکات.
موبالەغە بکە وا دەری بخە بە هیچ شێوەیەک گومانت لەو قسانەدا نییە کە دەیان کەیت و بەردەوام دووبارەیان بکەرەوە با نا عەقڵانیش بێت دەبینیت دەبێت بە هەقیقەت لە مێشکی جەماوەردا. جەماوەر لەڕێگەی وێنە و نموونە و شتە ڕوونەکانەوە بیر دەکاتەوە نەک عەقڵ و مەنتیق بۆ نموونە ڕەنگە کۆمەڵکوژییەک بە قەدەر تاوانی کوشتی یەک کەس کاریان لێ نەکات و نەیانورووژێنێت. هەر وەکوو گوتمان وێنە و جۆری پیشاندان کاریگەری زۆری هەیە لەسەر سۆزی جەماوەر و بیرکردنەوەی.
سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک کەس ڕۆژنامەکەی ناکڕێت. بە ئەڵقە ڕەخنە لە ڕەمزە ئایینییەکان دەگرێت، خەڵک هەموو تێکڕا تووڕە دەبن و هەڵ دەچن و ئیدی هەر باس باسی ئەو ڕۆژنامەیەیە، کە پێش دوو ڕۆژ کەس هەر لێی نەپرسیوە، پاش ئەوە داوای لێبوردن لە خەڵکە دەکات کە ئەو وتارانەی دابەزاندووە، بەو جووڵەیەی کە کردی دەبینین ڕۆژنامەکەی بڵاو بووەوە و لەناو خەڵکدا و بەناو بانگ بوو و وێنە نا ئەرینییەکە لە زاکیرەی خەڵکدا سڕایەوە و گۆڕا بە ئەرێنی و ڕۆژنامەکەی لەسەر ئاستێکی فراوان بڵاو دبێتەوە بەبێ ئەوەی یەک فلسی لەوەدا خەرج کردبێت.
خەڵک حەز دەکات لاسایی ئەفکار وەکوو مۆدەی جل و بەرگ بکاتەوە کە کتوپڕ بڵاو دەبێتەوە و و هەموو خەڵک وەری دەگرێت و دەبینیت پاش ساڵێک بیریان چووەتەوە و شتێکی دیکەیان وەرگرتووە. زۆر بەئاسانی پەتای ئەفسانە و پڕوپاگەندە و ئەفکار بەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە و کۆنترۆڵیان دەکات. دوو برا دووانەن یەکێکیان سەفەر دەکات بیست ساڵ لە ئەڵمانیا دەمێنێتەوە و بەرزترین بڕوانامە دەهێنێت ئەوی تریان لە ناو وڵاتدا ماوەتەوە و کەسێکی ئاسایییە کەسە ئاسایییەکە پۆستێک لە ئینتەرنێت دادەبەزێنێت چونکە وەکوو عەقڵی ئەو جەماوەرە دەدوێت، سەد بار زیاتر خەڵک دەست خۆشی لێ دەکەن وەک لە پۆستی ئەوی دیکەیان کە لە ئەڵمانیا پێگەیشتووە، بۆ؟ چونکە خەڵک دوای قەرەباڵخی دەکەوێت، هەروەها دوو ماڵپەڕی سەر ئینتەرنێت کامیان قەرەباڵخ تر بوو سەردانی ئەوە دەکەن و بە باشتری دەزانن بێ ئەوەی بیر لە ڕاست و دروستی، یان باش و خراپی، یان ئایا لەگەڵ عەقڵ و مەنتیق دا دێتەوە یان نا دەست خۆشی لێ دەکەن.
خۆپیشاندانە دەبینیت یەکێک ڕادەکات خەڵک هەمووی ڕادەکەن، یەکێک بەردێکی هەڵگرتووە و دەیهاوێژێت خەڵک هەمووی بەدوایدا بەرد هەڵدەگرن و دەیهاوێژین خەڵک چاو لە کەسایەتییە بەهێزەکان دەکات، بەڵام نابێت ئەفکارێکی زۆر جیاواز و دوور لەو خەڵکەیان هەڵگرتبێت ئەو کاتە لاسایی کردنەوەیان و کاریگەری بیروباوەڕیان لەسەر ئەو خەڵکە قورستر دەبێت. ئەوانەی لە سەردەمی خۆیاندا خۆیان سەرکەوتوون یەکسەر ڕێزلێنانیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەو خەڵکەی کە زۆر سەرکەوتوون و تەجاوزی سەردەمەکەی خۆیان کردووە پاش مردنیان ڕێزیان لی دەنرێت(واتا درەنگتر لێیان تێ دەگەن کە چییان کردووە). بۆ ئەی ئەو فیکرەیەی کە دەتەوێت وەکوو پەتا بڵاو ببێتەوە نابێت زۆر پێشکەوتوو بێت، چونکە لە مەودای تێگەیشتنی خەڵکەکەدا جێگەی نابێتەوە وا بێت بڵاو نابێتەوە.
جەماوەر دەمارگیرە و زیاتر مەیلی بەڵای ئیستبداددا هەیە، هەرچەندە ئیدعای شۆڕشگێڕی و تازەگەری بکات ئەو عاشقی محافزکاری و داب و نەریتە باوەکان و ڕێز لە هێز دەگرێت و چاکە و نەرم و نیانی بە لاوازی تێ دەگات و حەز دەکات بەسەر دەسەڵاتی لاوازدا ڕاپەرێت. ئەگەر سەیری مێژووی فەرەنسا بکەین، دەبینین ئەو گەلەی کە پێش چەند ساڵێک چەپڵەی بۆ ئازادی لەو وڵاتە لەسەر و بەری شۆڕشی فەرەنسادا لێ دەدات هەر ئەو گەلە بوو کە چەپڵەی بۆ ناپلیۆن لێ دەدات، کاتێک کە ئەو ئازادییانەی لی زەوت دەکردەوە. دواتر ناپلیۆن لەسەر دەسەڵات لا دەبرێت

 

دەبینیت جەماوەر موبالەغە دەکەن لە ئیهانەت پێکردنیدا نەک لەبەر ئەوەی کردبوونی بە کۆیلە بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێزی نەماوە و دەسەڵاتەکەی لەدەست داوە.
جەماوەر قایل نابێت موناقەشەی ئەفکاری بە ڕێگە عەقلانییەکان بکرێت. کاتێک کە دەبینیت هەموو جەماوەر لە دەوری ڕاو بۆچوونێکی دیاری کراو کۆبوونەتەوە، نابێت لەبەرامبەریاندا بوەستیت و هەوڵ بدەیت بە عەقڵ و مەنتیق قسەیان لەگەڵ بکەیت.
سەرکردەیەک دەزانێت قاسەکەی وڵات خاڵییە و چارەسەرەکەشی ئەوەیە کە هاووڵاتییان و دەوڵەت مەسرەف کەم بکەنەوە، بەڵام لە ترسی ئەوەی کە دەنگی بۆ نەدەن لەبری ئەوەی ئەوەی ئەوان وا لێ بکات بە قسەی بکەن خۆی دەچێتە ژێر ئیرادەی ئەوانەوە. ئەو کاتە لە سەرکردەیەکەوە کە دەتوانێت ڕایەکی گشتی پێک بهێنێت دەبێت بە گوێگر لێیان.
کێشەی ئەوانەی کە نیەتییان پاکە و نایانەوێت گوتاری ورووژێنەر بدەن ئەوانە مەهارەتی و ڕوژاندنی تەواویان نییە و نازانن و درۆ لەگەڵ جەماوەر بکەن.گوتارەکەیان هەمووی لەسەر عەقڵانییەت دروست بووە بۆ دەبینیت گوێیان لێ ناگیرێت.
مەرجیش نییە کاردانەوەی جەماوەر هەموو کاتێک خراپ بێت بۆیە ئەگەر باش جۆش درا و دەکرێت قوربانی لەپێناوی وڵات و نەتەوەدا بدات و بەشدار بێت لە ئاوەدانکردنی وڵاتدا. چونکە هەر ڕۆحی جەماوەرە کە توانیویەتی شارستانی دروست بکات و قوربانی بدات و ئەوەی کە دروستی کردووە پارێزگاری لێ بکات.

 

سەرچاوە : وتاری کورد