سی ودوو ساڵە نۆ کابینەی حکومەت هاتیتە سەر دەسەڵات . بە درێژایی ئەو ساڵانەش بە حوکمڕانییەکی سەقەت و ئەدایەکی فاشیل وایان لێکردین هەرچی ناوی حکومەتە لەبەرچاومان بکەوی !. فەشەلی ئەو دەسەڵاتە وایلێکردین تەنانەت دەوڵەتە سەربەخۆکەی کوردیش کە سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینین ، ئەویشمان لەبەرچاو ڕەشبێ . چونکی ئەوانە بە بەڵگەو لەسەر ئەرزی واقیعدا سەلماندیان کە پیاوی دەوڵەت و حوکمڕانی نین و لەدەسەڵاتێکی چەتەو مافیاو کوردکوژ زیاتر هیچیتر نین !.
هەموو خۆزگەو ئاواتو خەونەکانمان ئازادی و سەربەخۆیی و دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی خۆماڵی بوو ، دەیان هەزار قوربانیشمان لەم پێناوەدا ، ئەوەش حاڵی حکومەتە کوردییەکەمانە دوای سی ودوو ساڵ کە هەمووی شکست ونوشوستییە !.
درۆزنترین حکومەت لەسەر ئاستی جیهان ، گەندەڵترین دەسەڵات ، بێ کەڵکترین وەزارەتەکانی حکومەت . بەرهەمی ئەمجۆرە حکومەتەش ئەمانە بوون :
- وێرانکردنی سیستەمی پەروەردەو فێرکردن . وایلێهاتووە خەڵک نەوێری منداڵی خۆی بنێریتە مەکتەبەکانی حکومەت ، کۆشەک پارە سەرفبکا لۆ ئەوەی لەسیستەمە هاوردەکانی سویدی وئینگلیزی و ئەمریکی و ئەڵمانی وەربگیرێ !.
- داڕمانی سیستەمی تەندروستی بە ڕادەیەک خەستەخانە حکومیەکان بوونەتە زبڵخانە ، خەستەخانە تایبەتەکانیش کەوتنە خوێنمژینی میللەت . ئێستا نرخی دەرمانیش لەعیادە ئیستشارییەکان هەمان نرخی دەرمانی خەستەخانەو سەیدەڵییەکانی دەرەوەن ئەوەش قوڕسترین بارگرانییە لەسەر شانی نەخۆش !.
- لەناوبردنی هەموو قییەمەکی ئەخلاقی کۆمەڵگە ، تا رادەیەک دزی و گەندەڵی چاوپۆشی لێبکرێ ، فاحیشەو تلیاکخواردن و کردنەوەی مەلهاو دیسکۆ شوێنی قییەمو ئەخلاقی کوردەواری بگرێتەوە !.
- کوشتنی شەخسییەتی ئینسانی کورد بە تایبەتیش گەنجان و بێئومێد کردنیان لەژیان ، لاوازکردنی ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی تاکی کورد ، سووککردنی رۆحی کوردایەتی ناو کۆمەڵ !.
- نەهێشتنی هەیبەتی دادگاو سەروەری یاسا ، کە ئەنجامەکەی دەیان وسەتان تاوانی کوشتن وبڕین ودزی و تەعەداکردن و گرتن وئەشکەنجەدانی خەڵکی ئازادیخوازو نیشتمانپەروەرەی لێکەوتەوە !.
- بە حیزبیکردنی دامودەزگا حکومییەکانو دامەزراندنی کەسانی خوێری وسەرسەری و بێ کەڵک وساقیتی ناو موجتەمەع و فەرامۆشکردنی کەسایەتی ئەکادیمی وپسپۆرو شارەزا لە ئیدارەدانی دەوڵەت !.
- بە فیرعەونکردنی سەرانی دەسەڵات وکوڕو نەوەکانیان ، دەوڵەمەندکردنی دارودەستەکانیان !.
سەرباری هەموو ئەوانەش هەیکەلێکی ساختەی حکومیان دروستکردیە بە ناوی وەزارەت هەزاران فەرمانبەرو مودیرعام وموستەشاریان لۆ دامەزراندیە کە هیچ دەسەڵاتەکی راستەقیینەیان نییە !.
وەزارەتی کارەبایان هەیە ، بەڵام کارەبا بە موەلیدەی ئەهلی بەڕێوە دەچێ ! . وەزارەتی پلاندانانیان هەیە ، بەدرێژایی سی ودوو ساڵی رابردوو نەیتوانی سەرژمێری مانگاکانی کوردستانیش بکات !. وەزارەتی تەندروستیان هەیە ، دەرمان بە قاچاغ دێتە ناو هەرێمەوە !. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیان هەیە ، تاکو ئێستا رێگایەکی پێ دروست نەکراوەو مقاوەلاتیش کۆمپانیا حزبیەکان بەڕێوەی دەبەن !. وەزارەتی گواستنەوەیان هەیە ، نە میترۆی هەیە نا پاسی گواستنەوەی شارەکان !. وەزارەتی دارایی هەیە ، نیوەی مانگ چاوەڕێی پارە لەبەغدا دەکا ، دەنا معاشی مۆزەفەکانی حکومەتی پێنادرێ !. ئەمجۆرە حوکمڕانییە بێ بەرهەمە بە حەمباڵێکی شێخەڵڵاو شاگردە فیتەرێکی سەناعەش بەڕێوە دەبرێ هیچ پێویستی بە شەهادەی دکتۆراو ماجستێری ساختەوە نیە ! .
سامانی نەفتی کوردستانیان پێ ئیدارە نەکرا ، ئەوە بەغدا لەبەر دەستی دەرهێنان . پارەی داهاتی گومرگ وناوخۆیان تەخشان وپەخشان کردو ویژدانی خەڵکیان پێ کڕی ، ئەوە بەغدا ئەویشی لەبەر دەستی دەرهینان . حکومەتێک ئەوەندە فاشیل و بێ بەرنامە کار بکات و سامانی سروشتی وپارەو داهاتی لەبەردەستی دەربهێنرێ ، حیکمەت لەبوون ونەبوونی چییە ؟!.
هەموومان بینیمان لەدوا هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە٧٠% خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد ، بە چاوی خۆشمان بینیمان چۆن مەسئولانی ئەم دەسەڵاتە لەوڵاتانی ئەوروپا هێلکەباران وبەردباران کران ، ئەوانەش هەمووی بەڵگەی روونن کەوا میللەت لێیان بێزارە و حەز بە چارەیان ناکات .
کاتی خۆی نیرۆنی ستەمکار بە دیار سووتانی رۆماوە مۆسیقای دەژەنی ، ئێستا ئەوانەش بە دیار سووتماکی کوردستانەوە لەمەلهاو مەزرەعەکانیان لەباوەشی سۆزانیەکان و گەعدەچییەکانەوە رۆژ دەکەنەوە !!!. راستیان فەرموو : حوکمڕانی بە خەڵکی نەخوێندەوار ناکرێ !! باقی وەلاسەلام .
سەرچاوە : ئاوێنە