ئافەرین یەکێتی و پارتی

 

 

هاوڕێ جەمال

 

گەر ھەڵبژاردن لە وڵاتە دیموکراسیەکان بۆ دەستاودەستی دەسەڵات و ئەبدەیتی ئەزموونی حوکمڕانی بێ، ئەوا بەدرێژایی سی و ئەوەندە ساڵەی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان، ئەم پرۆسەیە نەک ھەر نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بێنێتەدی بەڵکو خودی ھەڵبژاردن بۆتە قەیرانێکی تری سەربار بەسەر قەیرانە کەڵەکە بووەکانەوە لەم ھەرێمە.

ئەم تێڕوانینە ھەرگیز بۆ ئەوە نیە پاساو بھێنینەوە بۆ بێ کاریگەری ھەڵبژاردنەکان و ئەنجامنەدانیان، بەقەدەر ئەوەی مەبەستمانە ئەو عەقڵیەتە رەخنەکەین کە لەو پرۆسە دروست و ئاشتیە ئەترسێ و سڵ ئەکاتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و نایەوێ بچێتە ژێرباری دەرھاویشتەکانی.

ناڵێین لە ھەموو دنیا، بەڵکو لانی کەم لەو وڵاتانەی باوەڕیان بە ھەڵبژاردنە، پاش ھەڵبژاردن ھەر زوو حزبی براوە یاخود حزبە براوەکان پێکەوە مشووری پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانی ئەخۆن، حکومەتێک کە زادەی داخوازی خەڵک و بەڵێن و دروشمی حزبە براوەکان بێ لەسەروەختی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا.

ئەمە بۆ دۆخێکی ئاسایی و یاسایی پەرلەمان و حکومەتێک کە ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە ئەچێ، چ جای ئەوەی کۆمەڵێک قەیران بەرۆکی میللەتی گرتبێ، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ئەگوزەرێ، ھەر لە ئیفلیج بوونی پرۆسەی خوێندنەوە بیگرە تا ئەگاتە قەیرانی مووچە و کێشەی کارەباو ئاو، ھەروەھا پیسبوونی ژینگەی شارەکان و دەیان قەیرانی تر.

ئەمە جگە لەوەی باھۆزی گۆڕانکاریەکان لە ناوچەکەدا ھێندە توند و خێران بوار بۆ ھیچ جۆرە سستی و درێژدادڕییەک لە گفتوگۆی بێ بەرھەم ناھێڵێتەوە، دۆخێکی لەمجۆرە پێویستی ئەکرد ھەرزوو پەرلەمان حکومەت ھەڵبوەشێنێتەوە و ھەڵبژاردنی پێش وەخت ڕابگەیەنێ نەک ئەوەی تەمەنی خۆی درێژکاتەوە، پاشان بەناچاری و بەزۆر و لەژێر حوکمی بڕیارەکانی دادگای فیدرالی خۆی ھەڵوەشێنێتەوە، و ڕۆژێکی وەک ٢٠ ی ئۆکتۆبەر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە بۆ ھەڵبژاردن دیاریبکرێ.

ئەوە بۆ نزیکەی چوار مانگ ئەچێ، ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام ھیچ ئاسۆیەکی روون نیە بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نێوان یەکێتی و پارتی کە دوو حزبی براوەی ئەم ھەڵبژاردنەن پێکبھێنرێ.

ئەوەندەی بە ھەنگاوەکانیانەوە دیارە، یەکێتی و پارتی نەک ھەر لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەکەدا نین، بگرە کار لەسەر کوشتنی کاتیش ئەکەن بەناوی دانانی ستراتیژ و فیژنی ھاوبەش بۆ ئاییندەی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان.

ناوچەکە لە گۆڕانکاری خێرادایە بەڵام ئەوەی بەسەر پشتی کیسەڵەوە ڕێ ئەکا، کابینە چاوەڕوانکراوەکەی یەکێتی و پارتیە، بەجۆرێک ھەنگاوەکانیان سست و لاوازە لە پرۆسەی زوو پێکھێنانی حکومەت، وەک بڵێی ئەو حزبانەی سەرکردایەتی ئەم میللەتە ئەکەن بە بێگار بەرپرسیارێتیان خرابێتە ئەستۆ، نەک لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە.

یەکێتی و پارتی بەو ھەموو تێبینی و ڕەخنەیەی لەسەریانە، ھێشتا دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەوە دەسەلمێنن کە دوو حزبی جەماوەرین، و ھەموو ھەنگاوێکیان بە ئاڕاستەی باش یاخود خراپ لەسەر دۆزی کورد لە باشوری کوردستان ئەشکێتەوە.

ئەم ھەنگاوانەشیان بە ئاڕاستەی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم لە درێژکردنەوەی گفتوگۆکان و بەردەوامی بە کاری کابینەی کار بەڕێکەر چ نیە جگە لە درێژەدان بەنەزیفی کارگێڕی و حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان، لەبەرامبەردا ھاوڵاتیان ھیچیان لەدەستنایە جگە لەوەی بۆ دەستوخەتی ئەم دوو حزبە لە نووسینەوەی مێژووی داھاتووی دەوڵەتداری، بە نائومێدیەکی قووڵەوە بڵێن (ئافەرین زۆرباشە.!!!)

سەرچاوە : سپی میدیا