مەل نەماوە، کۆر کۆرە بوە بە شای مەلان

بە یەکێکی ناوەجاخی خراپ ئەوترێ کە لە جێی پیاوێکی گەورە دانیشتبێ.

پەندی پێشینان

ئەڵێی بووکە بە بارانێیە

بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو لەشی تەڕ بووبێ.

ئەڵێی تەرازووی بن پچڕاوە

بە یەکێکی دەستەپاچەی لێ نەهاتوو ئەڵێن. 

ئەڵێی جن گۆڕیوێتی

بە یەکێکی زۆر بزێو ئەوترێ. 

ئەڵێی جاو ئەنێتەو

بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بێت و بچێ.

ئەڵێی پیرێژنی دۆ ڕژاوە

بە یەکێک ئەوترێ کە خەمێکی لێ نیشتبێ.

ئەڵێی پشتە ماڵی حەمامە، هەردەمەی بە بەر یەکێکەوەیە

بە یەکێک ئەوترێ کە کوڕی ڕۆژ بێ، وە هەردەمەی لەگەڵ یەکێکی دەستڕۆیوا بێ.

ئەڵێی تێڵای قووت داوە

بە یەکێک ئەوترێ کە قسەی بە ڕەوانی پێ نەکرێ.

ئەڵێی لە ترش و خوێدا سوور کراوەتەوە

بە یەکێکی ساغی قەڵەوی سوور پڕ نۆڵ ئەوترێ. 

ئەڵێی لە دەم گورگ بەربووە

بە یەکێکی چڵێسی نەوسنی بە هەڵپە ئەڵێین لە خواردنا.

ئەڵێی لە گەرووی مار دەرهاتووە

واتە: زۆر ڕاستە

ئەڵێی لە گوێی گادا نوستووە

بە یەکێک ئەوترێ کە بێ ئاگا بێ لە دەنگ و باسێک. 

ئەڵێی لەسەر دڕکە

بە یەکێک ئەوترێ کە بە ناچاری لە شوێنێک دانیشتبێ.