تورکیای بێ تیرۆر و شۆڤێنیزمی تورکی

 

 

موحسین کەریم

 

دوای سوتاندنی چەکەکان لەلایەن ژمارەیەك گەریلای پەکەکەوە، لە رۆژی ١١ی حوزەیراندا، وەکو نیشاندانی ئامادەیی پەکەکە بۆدەستبەرداربوون لە شەڕی چەکداری دژی دەوڵەتی تورکیا، ئۆردوگان ئەو هەنگاوەی وەکو ساتەوەختێکی مێژوویی لە سەرکەوتنی پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆردا پێناسەکرد. ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەم پرۆسەیە بەرهەمی هیچ جۆرە دانوستانێك نەبووە، وەکو ئاماژە بەوەی کە پەکەکە بەبێ هیچ مەرج و رێکەوتنێك و بەبێ وەرگرتنی هیچ ئیمتیازێک لە دەوڵەت ئەو کارەی ئەنجام داوە. 

ئەم ڕاگەیاندنەی ئۆردوگان ئەو مانایەی لێ دەخوێنرێتەوە کە لەو شەڕەدا کە زیاتر لە چواردەیەیە بەردەوامە لەنێوان دەوڵەت و پەکەکەدا، ئەوەی سەرکەوتووە دەوڵەتە و ئەوەی ناچار بە خۆڕادەستکردن کراوە پەکەکەیە. بەڵام ئەگەر ستراتیژی شەڕی چەکداری بۆ پەکەکە، وەکو لە هەردوو نامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژەی پێکراوە، کۆتاییهاتووە و گەیشتووە بە بنبەست، ئەوا گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوخۆی تورکیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەتی دوای دەرکردنی ئێران لە هاوکێشەی ناوچەکەدا و پێکدادانی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و تورکیا لە گۆڕەپانی سیاسی سوریادا، بایەخێکی گرنگی داوە بە پرسی رزگاربوونی تورکیا لە کارتی فشاری پەکەکە لەلایەن ئیسرائیل و دەوڵەتانی نەیاری تورکیاوە.

دەولەتی تورکیا نەك تەنها وەکو فاکتەرێکی گرنگی جێگیریی سیاسی و ئاسایشی ناوخۆیی و تەنانەت وەکو فاکتەرێکی گرنگ لە ململانێی لەگەڵ تاکە حزبی رکابەری بەهێزی، جەهەپە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٨دا، بەڵکو وەکو پێداویستیەکی سیاسی- ئەمنی لەبەردەم داهاتووی تورکیا وەکو هێزێکی ناوچەیی و کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، داخستنی کەیسی پەکەکە بایەخێکی گەورەی دەبێت بۆی!

بەڵام ئەگەر وایە تورکیا ئەوەندە پێویستی بە چەکدانانی پەکەکە هەیە، بۆچی ئۆردوگان و حکومەتەکەی بەوجۆرە مامەڵەی ئەم پرسە دەکەن؟ بۆچی ئامادەنین کە ناوی تیرۆر لەسەر پەکەکە هەڵگرن و هێشتا بە سەرۆکەکەی، کە ئەو خزمەتە گەورەیان پێدەکات و رێکخراوێکی چەکداری گەورەیان بۆ هەڵدەوەشێنێتەوە، بە سەرۆکی گروپی تیرۆریستی ناودەبەن؟ بۆچی رادەگەیەنن کە هیچ سازشێکیان بۆ پەکەکە نەکردوە، لەکاتێکدا هەواڵە ناڕەسمیەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین جار بەرپرسانی حزبەکەی ئۆردوگان، ئەکەپە، و حزبەکەی باخچەلی، مەهەپە، سەردانی ئۆجەلانیان کردوە لە ئیمراڵی تا هانی بدەن بۆئەوەی بانگەوازی پەکەکە بکات بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە!؟ ئایا بەڕاست ئۆجەلان و پەکەکە بەوجۆرە خۆیان ڕادەستکردوە کە ئۆردوگان و میدیای نزیك لە حزبەکەی بڵاویدەکەنەوە؟

ئەوەی گومانی تێدانیە ئەوەیە کە دەبێ دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر چەکدانانی تەواوەتی پەکەکەدا کاردانەوەیەك لەخۆی نیشان بدات، دەنا سوتاندنی ٣٠ پارچە چەك هیچ کاریگەریەکی ڕاستەقینەو پراتیکیی لەسەر توانای سەربازی ئێستای پەکەکە نابێت. هەزاران چەکداری پەکەکە چییان بەسەردێ دوای دانانی چەکەکانیان؟ چەند هەزار پارچە چەکی جۆراوجۆر چییان لێدەکرێ؟ سەرکردەکانی پەکەکە لەکوێ داڵدە دەرێن؟ وەکو هاوسەرۆکی کەجەکە، بەسی هۆزات، کە یەکێك لە ٣٠ چەکدارەکەی پەکەکە بوو کە چەکەکانیان سوتاند، ووتی ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێ بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە لەناو کۆمەڵگای تورکیادا، لەحاڵەتی گەرانەوەیاندا بۆ تورکیا یان دەکوژرێن یان لەزینداندا ژیانیان بەسەر دەبەن.

کەواتە ناکرێ بەوجۆرەی حکومەتی تورکیا و ئۆردوگان باسی دەکەن ئەو پرۆسەیە بە ئاکام بگات و دەبێ دەوڵەتی تورکیاش کاردانەوەی ئەرێنی نیشان بدات! بەڵام کێشەی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا لەوەی کە بەمجۆرە مامەلەی ئەم پرسە دەکات، خودی ئەو شۆڤێنزمەیە کە خودی دەوڵەتی تورکیا لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لەناو خەڵکی تورکدا بڵاوی کردووەتەوە و پەرەی پێداوە دژی هاوڵاتیانی کورد لەو ووڵاتە. بەداخەوە شۆڤێنیزمی تورکی تەنها بەشێك نیە لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە خەڵکی کورد، بەڵکو رۆچووەتە ناو هاوڵاتیانی تورکەوە. کەلتوری شۆڤێنیزمی تورکی دژ بە کورد کۆمەڵگای تورکیای داغان کردوەو بەئاسانی کاڵ نابێتەوە. حکومەتە شۆڤینیەکانی تورکیا هەر لە ناسیۆنالیستە کەمالیستەکان، جەهەپە، وە تا بە حکومەتەکەی ئۆردوگان و حزبەکەی، ئەکەپە، و حزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، مەهەپە، کە ئێستا بەشێکی چالاکە لەو پرۆسەیەی ناویان ناوە تورکیای بێ تیرۆر، خۆیان ئەم زەلکاوەیان دروست کردوە و مێش و مەگەزی شۆڤێنیزمیان تێدا پەروەردە کردووە. ئێستا ترسی ئەوەیان هەیە کە بۆیان کۆنترۆڵ نەکرێ! بۆیە ناچارن وانیشان بدەن کە بەم کارەیان لەگەڵ پەکەکە، تورکیا لە تیرۆر پاك دەکەنەوە، نەك ئیمتیازی بدەنێ.

وا باس دەکرێ کە بڕیارە کۆمیسیۆنێك لە پەرلەمانی تورکیا لە هەموو حزبەکانی ناو پەرلەمان و تەنانەت دەرەوەی پەرلەمانیش پێکبێت بۆ پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی پەکەکە و ئایندەی کادرو ئەندامەکانی. ئەمە ئەگەرچی بەڕواڵەت وادەردەکەوێ کە ئیجرائاتێکی دیموکراسی و پەرلەمانی بێت بەرامبەر بەم کەیسە هەستیار و ئاڵۆزە، بەڵام لەڕاستیدا بۆئەوەیە کە زۆرترین هێزی سیاسی تورکی بهێننە ناو پرۆسەکەوە تا لەناو ڕای گشتی هاوڵاتیانی تورکدا قبوڵ و پەسەند بکرێت.

 

سەرچاوە : هاوڵاتی