ژمارەی نوێی گۆڤاری دەرگاوان بڵاوکرایەوە

لەبیرەوەری 124ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییدا؛ دووەمیین ژمارەی دەرگاوان وەک یەکەمیین گۆڤاری وەرزیی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی بە لۆگۆ و نەخشەسازییەکی نوێ و لەدوو توێی بەرگێکی سەرنجڕاکێش و ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی 300 لاپەڕەیی و بە بەشداریی 26 ئەکادیمیی و پسپۆڕ و توێژەری میدیایی کەوتە بەردەست و دیدەی خوێنەران.

گۆڤاری دەرگاوان لەم ژمارە نوێیەییدا؛ دەرگای خوێندن و پەروەردەی میدیایی خستووەتەسەر پشت و چوار بابەتی گرنگی تایبەت بە «خوێندەواری میدیایی و ژینگەی فێرکردنی، میدیای پەروەردەیی و پەروەردەی میدیایی لەلای منداڵان، میدیای خوێندگەیی و خۆدەربڕینی فێرخوازان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نموونەیەک لە پەروەردی میدیایی» تیابڵاوکراوەتەوە. ھەروەھا دووەمیین دەرگای رێنمایی و ھۆشیاری میدیایی بۆ بابەتەکانی «پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر ھۆشیاری سیاسیی لاوان، ورووژاندنی میدیایی و بەرپرسیاربوونی یاسایی لە تاوانی جینۆسایددا، ھۆشیاری یاسایی رۆژنامەنووس لە رووماڵکردنی ھەواڵەکانی دادگادا» تەرخانکراوە. ھاوکات سێییەم دەرگای تایبەت بە تێز و توێژینەوەی میدیایی بۆ ھەردوو بابەتی «میدیای کوردیی بە زمانی بیانی؛ ماستەر و دکتۆرای لەسەر دەخوێنرێت، پەیوەندییە گشتییەکان و ھونەری ئەتەکێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» تەرخانکراوە.

دەرگای دیدار و دیڤچوونی میدیایی بۆ سێ بابەتی نوێ تەرخانکراوە؛ لەوانە: «د.ئەحمەدی ناتیقی؛ خاوەنی یەکەم گرتەی عومەری خاوەر چیرۆکی چرکاندنی وێنەکانی کیمیاییبارانکردنی ھەڵەبجە بۆ دەرگاوان دەگێڕێتەوە، لە ئەسفەھان خوولی رۆژنامەوانیی بۆ رۆژنامەنووسانی سلێمانی رێکدەخرێت، جەنگی رووسیا ئۆکراین لەنێوان پێوەرە پیشەییەکان و رێساکانی راگەیاندندا». ھەروەھا دەرگای ھەڵبژاردە و ھەڵسەنگاندنی میدیایی تەرخانکراوە بۆ چوار بابەتی گرنگ، لەوانە: «21ی نیسانی 1898؛ رۆژی دەرچوونی یەکەمیین رۆژنامەی کوردی، رۆژنامەنووس یان عەریزەنووس؛ رۆژنامەگەریی کوردیی و 124ساڵ سەرئێشەی ناپیشەییبوون، توندووتیژی دژ بە ژنان لەنێو راگەیاندنی کوردییدا، مامەڵە و رووماڵی میدیایی لەسەروەختی پەتای جیھانیی کۆرۆنادا». ھاوکات دەرگای دۆز و دۆسییەی میدیایی خراوەتە سەر پشت بۆ «دۆست و دوژمنانی میدیای نیشتمانیی لەھەرێمی کوردستاندا» و لەوبارەیەوە سێ تێڕوانینی جیاوازی سێ ئەکادیمیی بڵاوکراونەتەوە.

حەوتەمین دەرگای دووەمین ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان تەرخانکراوە بۆ کاریکاتێر و تەنزی میدیایی کە دووبابەتی بەناونیشانی: «تەنزنووسی کورد لەتەرازووی بنەما یاساییەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندندا، ویلی لوومان: کاریکاتێری رۆژنامەوانیی زۆرجار ناوچەگەریی پێوە دیار دەبێت» تیابڵاوکراوەتەوە. ھەروەھا دەرگای پرۆژە و چالاکیی میدیایی ئەم ژمارەیەی دەرگاوان بۆ چالاکییەکانی چەند مانگی پێشووی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) تەرخانکراوە. دوایین دەرگاش کە بۆ وشەدان و فەرهەنگی میدیایی تەرخانکراوە؛ تایبەتە بە بەشی دووەمی «فەرھەنگۆکێکی ئینگلیزی_کوردیی تایبەت بە رۆژنامەنووسان».

دەرگاوان؛ گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتمەندە بە پەروەردەی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا، لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) خاوەندارێتیی دەکرێت و د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەریەتی.

 

 

سەرچاوە: kurdishbookhouse