بنار محەمەد
.
(تۆنی بلێر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وتەیەکی ھەیە سەبارەت بەسیاسەت و ژیانی سیاسی پارتە سیاسیەکان دەڵێت؛
سەردەمی سیاسی بۆ سیاسەتمدار سێ قۆناغە
یەکەم پێتوایە ھیچ نازانی..
دووەم پێتوایە ھەموو شتێک دەزانی.
سێھەم دەزانی کە چی دەزانی و چی نازانی و دەبێ چی بکەیت و نابێت چی بکەیت.
مەترسیە گەورەکە ئەوەیە کە سیاسەتمەدار یان پارتی سیاسی لەقۆناغی دووەمدا بوەستێت و بلکێت و گیربخواو پێیوابێت ھەموو شتێک دەزانێت و ئاساییە ھەرچییەکی بوێت بیکات و بیڵێت و ئەوەی لەخۆیەوە نەھاتبێت، تاڵ و بەتاڵ بێت..
پارتی ڕێک لەقۆناغی دووەمدایەو گەر بۆی بکرێت و بچێتە سەر، ھەموو ژیانی سیاسی کۆمەڵانی خەڵک و حزبەکانی تریش بەو سەردەمەوە دەلکێنێت و گیرۆدە دەکات، پێیی وایە ھەمووشتێک دەزانێت، ھەموو شتێک دەبێت ھەر خۆی بیکات، لەکاتێکدا ھەمووان شایەدی ئەو حوکمڕانێتیە چەوت و ھەڵەورەن کە پارتی ئێستا پێیدا تێ دەپەڕێت و دەیکات.
کاتێک سەرخان و ژێرخانێکی وێران دەبینیت، کاتێک فەرامۆشکردنی وەبەرھێنان دەبینیت، کاتێک سیستمی پەروەردە بەمەبەست سست و پەک دەخرێت و ڕاگەیاندن بەلاڕێدا دەبرێت و کار لەسەر چەواشەکردنی کۆمەڵگەو تێکدانی شیرازەی خێزانی کوردەواری دەکرێت، ئەوە جگە لەدروستکردنی قەیران بەدوای قەیرانی قورسترداو زیاتر بوونی تاوان و تۆڵە لەبری حوکمی دادگاو یاسا، دروست لەھۆکارەکان تێدەگەیت و حکومەتێکی شکستخواردوو دەبینیت.
کارو ئامانجی تیمی پارتی لەکابینەی نۆھەمی حکومەت ئاشکرا بووە، نەدوو ئیدارەییی و رێز نەگرتن لەزۆنی سەوز، بووە بەکۆیلەی و کلکایەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەسامانی وڵاتەکە سەماو ئاھەنگ دەگێڕن، پارتییان کردوە بەو پارتییەی بەتەواوەتی لەھۆش خۆی بچێت، ئەو پارتییەی بەھۆی ساختەکاریی لەھەڵبژاردنەکان و بەکارھێنانی جۆرەھا میکانیزمی ساختەکردن و سوود وەرگرتن لەیاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەجۆرێک دانراوە دەرفەت بدات بەھێزێکی وەک پارتی بۆ سوودی خۆی بەکاری بھێنێت و زۆرینەیەکی ناڕاستەقینەی لەپەرلەمان و دواتریش لەحکومەتی ھەرێمدا پێ مسۆگەر بکات!!
لێرەدا دەپرسم، ئایا ئەم ھەموو نادادی و چەق بەستوییەی پارتی دەیکات، ئیتر دەبێت کێ ترسی کەوتنی لەھەڵبژاردن ھەبێت؟
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێزێکی خاوەن پێگەی گەورەی مێژویی و سیاسی و جەماوەرییە، کە رابەرایەتیی نیشتمانی و جەماوەرێکی بەرفراوان و ھێزێکی سەربازیی گەورە دەکات لەھەرێمدا، ھێزێکی خاوەن کاریگەریی ناوخۆیی و ئیقلیمی و حساب بۆ کراوی نێودەوڵەتییە، ھێزێک کەخاوەنی ئەم پێگە بەھێزە بێت و خاوەنی زیاتر لە٢٠ ھەزار شەھید بێت، ھەرگیز ترسی لەھیچ سەردەمێک و لەھیچ ھەڵبژاردنێک نابێت.
سەرچاوە : کوردساتنیوز