لەبارەی"نەفرەتی نەوبەهاران"ەوە

 

 

 

"لێرە بەدواوە هەرشتێک نەبێت بە وێنە، نابێت بە مێژوو"

 

بەختیار عەلی لێرە یەکجار جیاواز قسەدەکات و دەنووسێت. لەم رۆمانەی کار لەسەر تێگەیشتن و پەیوەندی نێوان <خێڵ> وەک یەکە و خانەیەکی کۆمەڵایەتی کلاسیک و <جەستەی ئافرەت> وەک سوبجێکتێکی داگیرکراو و پەرژینکراو دەکات و دەدوێت. ئەوەی رایەڵەی نێوان ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە دەبەستێت و گرێدەدات و کۆی تێما، رووداو و وێنەکەی لەسەر بنیاتدەنێت، گەیشتنی مۆدێرنەیە بۆ لای ئێمە! ئەم مۆدێرنە و تازەگەرییەش لە <کامێرا> یەکی کلاسیکی وێنەگرتن بەرجەستەدەبێت و سەرجەم چیڕۆکە خەمگینەکانی نێو رۆمانەکە دادەڕێژێت و بەڕێوەدەبات.

کامێرا و وێنەگرتن وەک سیمبولی گەیشتنی دنیایەکی تازە بۆ ئێمە، وێنەی ژن، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیەی ژن کە کامێرا دەیکێشێت، خەیاڵدانی فیدراسیۆنی خێڵ، کۆمەڵگەی نەریتی بنیاتنراو لەسەر بیروباوەڕی نێرسالاری و پیاوسالاری و یەکسانکردنی وێنەی ژنێک بە شەڕەف و شکۆی خێڵ و نۆرمەکانی تری نێو هەندەسەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی بەرایی رووبەڕووی رۆمانەکەی داپۆشیوە. ئەم رۆمانە بەزمانێکی تەواو لە ئەدەبیاتی جێندەرییانە نوسراوە و وێنە زاڵەکەش کوشتنی ژنە لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی کەخۆی هیچ رۆڵ و ئاگاییەکی تێدانەبووە! ئەوەی لە پرسە جێندەرییەکاندا پێی دەوترێت <توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی Gender based violence و کوشتن بەناوی شەڕەف Honor Killing> لێرە بەختیار بەتەواوی ئەو وێنەیە دەکێشێت کە چۆن جەستەی ژن یەکسان دەکرێت بە شکۆ و دامەزراوەی خێڵ.

ئەم رۆمانە بەزمان و چەندین کەرەستەی فکری و فەلسەفی گفتوگۆدەکات. ئەگەرچی رووداوەکان سەر بە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر و سەرەتای گەیشتنی ئامێری کامێرایە بۆ ئێمە، بەڵام لەڕووکاری دەرەوەدا، باس لە ئەمڕۆی دۆخی ئێمە، گەیشتنی تەکنەلۆژیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیرەکی دەستکردن و پەیکەری رەگەزی مێینە و خێڵ دەکات و جۆر و شێوازی پەیوەندییەکان رووندەکاتەوە بەتایبەت کاتێک کۆی یارییەکە دژ بە ژن و ئافرەتە وەک ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی پەراوێزخراو و مامەڵە لەسەرکراو و ئەو باجە کۆمەڵایەتی-کولتوری و مێژووییەی کە ژن دەیدات بەهۆی ژنبوون و پێکهاتە بایۆلۆژی و فیسیۆلۆژییەکەیەوە.

سەرەتای رۆمانەکە بەوە دەستپێدەکات کە <کامیل ئاغا> وەک باوکی رۆحی لەناو دەزگای خێڵدا، لەکۆتایی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو، لە گوندە دووردەستەکەی خۆیدا، کامێرایەک دەکڕێت و خولیای وێنەگرتنی بۆ دروست دەبێت. دواتر عاشقی <گێلاس نەوبەهاران> دەبێت و دەبن بەهاوسەری یەکتر. کۆچ دەکەن بۆ شار و تێکەڵ بەژیانی شارستانی دەبن و کامیل ئاغا بەبۆنەی شارەوە لە خێڵ و خێڵایەتی دووردەکەوێتەوە. ئەم وێنەی نێو رۆمانەکە ئەو ئاڕگیۆمێنتەی <حەننا بەتاتۆی> بیرهێنامەوە کاتێک دەڵێت:<خێڵ لە عێراق لەسەرەتای بیست و سییەکاندا بەهۆی گەشەی شارەوە، کاڵ و لاوازبوو> دواتر گێلاس نەخۆش دەکەوێت!

کامیل ئاغا بەهۆی عەشقی بێئەندازەی گێلاسەوە و ترس لە مردن و نەمانی هاوسەرەکەیەوە، وەک یادگاری و یادەوەرییەک، چەند وێنەیەکی گێلاس بەڕووتی دەگرێت و لەشوێنێکی نهێنی لەماڵەکەیدا دەیپارێزێت. جەنگ دێتەپێشەوە لەنێوان شۆڕشگێڕانی کورد و دەوڵەتدا، بەهۆی بردنی وێنە رووتەکانی گێلاسەوە، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە کامیل ئاغا دەکرێت و دەکرێت بە جاش. کامیل ئاغا بڵاوبوونەوەی وێنەکان بە شکانی شکۆ و شەڕەفی خێڵەکەی دەزانێت! دواتر لە جەنگدا دەکوژرێت! وێنەکان رۆژ دوای رۆژ کۆپی دەکرێن و لای ئاغا و فیوداڵ و خانەکانی نزیک لە دەوڵەتدا هەڵدەگیرێن و ئەمجارە دەکرێن بەسەرچاوی هەڕەشە لەدژی براکانی گێلاسدا.

جارێکی تر لەڕێگەی وێنەکان، گێلاس دەکرێتەوە بە شەڕەف و شکۆی ماڵباتەکەی! براکانی بەهۆی لەدەستدانی ئەم شکۆ و شەڕەفەوە، گێلاس بۆ هەتا هەتا لەچاوی دنیا دووردەخەنەوە و لەژێرزەمینێك دایدەنێن و چیڕۆکی مردنی گێلاس بەهۆی رووداوێکی دڵتەزێنەوە، بڵاودەکەنەوە و لەسیناریۆیەکدا گۆڕێکی بۆ دروستدەکەن و لەسەر گۆڕەکە ئەم مانیفێستۆیە دووبارە دەکەنەوە:<لێرەدا جوانەمەرگ گێلاس فەخرەدین ئارامی گرتووە، تاجی سەر سەری عەشیرەتێک و مایەی شانازی براکانی> هەموو ئەو زمانە سیمبولییەی بەختیار لەم رۆمانەدا، نوێنەرایەتی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆز و ناعەقڵانی و نادادپەروەرانە دەکات کە تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەدرێژایی ٦٠ ساڵی رابردوو لەنێوان خێڵ و جەستەی ژندا بنیادی ناوە و رۆژانەش خۆی تازەدەکاتەوە و بەردەوامی هەیە. دوێنێ کامێرای کلاسیک و کامیل ئاغا و ئەمڕۆش زیرەکی دەستکرد و کامیلە نوێیەکان! رۆمانەکە لەوە درێژتر، ئاڵۆزتر و خەمگینترە!