ئەڵمانیا پێویستی بە مەلا دەبێ

  ئاڵا شاڵی

چەندین دەیەیە خەڵک لەبەر ئاگری شەڕەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریکاوە بەرەو یەکێتیی ئەورووپا هەڵدێن. ئەورووپایەک کە پاش رووخانی دیواری بەرلین گوللـەیەکی تێدا نەتەقیوە و لەسایەی ئاشتیدا رۆژ بە رۆژ ئاوەدانتر دەبێ، بەڵام لەوەتەی شەڕی ئۆکراینا هەیە، لەنێو مێشکی سیاسییەکان و ژەنەراڵەکان و هەموو ئەوانەی خەریکی ئایندەی ئەورووپان دەنگی تەقە و دیمەنی جەنگ هەیە.

جەنگێک کە کەس نازانێ کەی دەستپێدەکات، بەڵام وەک سەرۆکوەزیرانی پۆڵەند لەمڕۆژانەدا باسیکرد "نیشانەکانی بەڕوونی دەرکەوتوون". بۆیەش وڵاتانی ئەورووپا خەریکی رێکخستنەوەی سوپاکانیان و ئامادەکارین بۆ جەنگە چاوەڕوانکراوەکان. یەکێک لەو وڵاتانە ئەڵمانیایە.

ئەم هەفتەیە ئەڵمانیا ریفۆرمێکی گەورەی لە ریزی سوپاکەیدا راگەیاند. ریفۆرمێک کە دەریدەخات چەندە ئەڵمانیا کار لەسەر شەڕی فیزیکی دەکات هێندەش خەریکی ئامادەکارییە بۆ شەڕی سایبەری و هایبریدی. هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی نێو سوپای ئەڵمانیاش بایەخدان بە لایەنی ئایینیی سەربازانی ئەڵمانی. جاران کەس بە خەیاڵیشیدا نەدەهات سوپای ئەڵمانیا بەدوای مەلادا بگەڕێت، بەڵام لەمەودوا ئەمە پێویست دەبێت. 

 

ئەڵمانیا لەچاو وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ لە مەسەلەی بایەخدان بە ئیسلام لە سوپاکەیدا دواکەوتووە. بۆ نموونە لە ئەمریکا و کەنەدا و فەرەنسا وەک چۆن سەربازێکی کریستیان یان جوو خزمەتگوزاریی ئایینی و پشتیوانیی رووحیی بۆ دابینکراوە بۆ موسڵمانەکانیش هەمان شت هەیە.

لە هۆڵەندا تەنانەت سەربازە هیومانیست و هیندۆسەکانیش پشتیوانیی رووحییان هەیە. کەچی لە ئەڵمانیا سەربازە موسڵمانەکان کاتێک دەنێردرێنە ناوچە جەنگییەکانی جیهان بۆ زۆر شت دەگەڕێنەوە لای قەشە و پیاوانی ئایینیی دیکە.

بۆیەشە ئێڤا هیوگل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری لە پەرلەمانیی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەیەوێ دۆخەکە بگۆڕێ. بۆیە لە راپۆرتێکیدا بۆ پەرلەمان پێداگیریی لەسەر دانانی مەلا بۆ سەربازان و کارمەندانی موسڵمانی دیکەی بواری بەرگری لە ئەڵمانیا کردەوە. 

 

ساڵانی زۆرە هەوڵ بۆ دانانی مەلا بۆ سەربازانی موسڵمان دەدرێ، بەڵام هەمیشە پارتەکان خۆیان لێ دەدزییەوە. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە ئەو مژارە دەنگدەری بۆ پارتەکان زیاد نەدەکرد.

جێی سەرنجە کە ئێستا دامەزراوە کریستیانی و جووەکانیش داوا دەکەن و گوشار دەکەن کە ئەو مافە بۆ سەربازانی موسڵمانیش دەستەبەر بکرێ. جووە ئاییندارەکانی نێو سوپای ئەڵمانیا نزیکەی 500 کەسن، کەچی مافە ئایینییەکانیان هەیە. موسڵمان 3000 سەربازن و وەک لە توێژینەوەکاندا دەردەکەوێ چەندین ساڵە داوای ئەو مافە دەکەن. 

 

کێشەیەک کە وایکردووە ئەو مەسەلەیە دوابخرێت نەبوونی دامەزراوەیەکی یەکگرتووە کە نوێنەرایەتیی هەموو موسڵمانانی ئەڵمانیا بکات. تورکەکان دامەزراوەی رێکخراو و گەورەیان هەن، بەڵام نوێنەری هەمووان نین. جگە لەوەش زۆر جار تۆمەتبار دەکرێن کە کار بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکەن. بۆیە دیار نییە دەوڵەتی ئەڵمانیا دەیەوێ لەگەڵ کام دامەزراوە ئایینییانە کاربکات. 

 

بۆ کورد ئەم رووداوە وانەیەکی نوێی تێدایە. خۆمان دەڵێین نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژین، کە زۆرینەشیان یان موسڵمان یانیش ئێزدین.

کەچی موسڵمانانی کورد نەیانتوانیوە لەنێوخۆیاندا دامەزراوەی گەورەی ئایینیی دوور لە سیاسەت دامەزرێنن و کاریگەرییان هەبێ. بۆیەش هێندەی من ئاگادارم سەربازی کورد لە ریزەکانی سوپای ئەڵمانیا هەن و دەزانم لە ئایندەدا مەلایەک بە تورکی نەک بە کوردی دوعایان بەسەردا دەخوێنێ!   

سەرچاوە : سەنتەری میترۆ